بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماڵپەڕی زایۆنیستیی I24NEWS ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل لە گرانترین شەڕی مێژووی خۆیدایە و تێچووی شەڕەکەی بە 60 ملیار دۆلار ناو بردووە.
تێچووی ڕۆژانەی شەڕی غەززە لە گەڵ ئەو زیانانەی بەر زایۆنیستەکان لە بەشە جیاجیا ئابورییەکاندا کەوتووە، وایکردووە کە تەل ئەبیب ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە ببێتەوە و ئەمەش داهاتووی زایۆنیستەکانی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە.
ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت قەرەبووی ئەو کۆمپانیانە بکاتەوە کە لە شەڕەکەدا بە هەر شێوازێک زیانیان پێگەیشتووە. میدیا زایۆنیستەکە ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب بۆ پشتیوانی لەو 120 هەزار کەسەی کە لە شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان لە سنورەکانی لوبنان و غەززە گواستراونەتەوە، 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بەکار هێناوە.
شارۆچکە نشینەکان کە لە هوتێلەکانی شارەکانی دوورتر لە سنورەکانی ناوچە داگیرکراوەکان بە تایبەت ئیلات نیشتەجێ کراون، توانای گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان نییە و ئەمەش تێچوویەکی زیاتری خستووەتە سەر شانی حکومەتەکەی نتانیاهۆ.
ڕاپۆرتی ماڵپەڕە زایۆنیستەکە ڕایگەیاندووە کە زیانەکانی بینا و خانووەکان و ژێرخانەکانی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان لە نزیک سنورەکانی غەززە گەیشتووەتە 5 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و ئێستاش ئەم دۆخە بۆ شارۆچکەکانی نزیک لە سنورەکانی لوبنان دووبارە بووەتەوە و بودجەی پێویستی بە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئای 24 زیانە ئابورییەکانی ئیسرائیلی بە جیدی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تا ئێستا بە هۆی تێچووەکانی شەڕ، خەرجییەکانی کابینە، قەرزکردن، کەمبوونەوەی داهاتی باج، کەمبوونەوەی ڕێژەی قازانجی کۆمپانیا گەورەکان و ….. ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دارایی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب بودجەی ساڵی 2024 بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی ئێستا لە پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە پەسەند دەکات.
ساڵی ڕابردوو و پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ڕژێمی زایۆنیستی بودجەی دوو ساڵەی 2023 و 2024 ی پەسەند کرد بەڵام شەڕی غەززە زیانێکی گەورەی بە بودجەی گشتی ئەو ڕژێمە گەیاندووە و پێویستی بە هەموارکردنەوە و تێچووی زیادە هەیە.
پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی مانگی کانوونی یەکەمی 2023 بڕی 8 ملیار دۆلاری وەک هەموارکردنەوەی بودجە بۆ دابینکردنی تێچووەکانی شەڕی غەززە پەسەند کرد و وەزارەتی داراییش پێشبینی ئەوەی کردووە کە شەڕەکە تا مانگی شووبات درێژەی هەبێت و بەمەش پێویستی بە دەیان ملیار دۆلاری دیکە دەبێت./.