بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی یەک شەممە 7 ی کانوونی دووەمی 2024 هەر یەک لە حەمزە وائل دەحدوح و مستەفا سورەیا لە پەیامنێرانی ئامادەبووی کەرتی غەززە لە لایەن سوپای ڕژێمی زایۆنیستییەوە شەهید کران و بەمەش ژمارەی پەیامنێرە شەهیدەکان گەیشتە 109 کەس.
حەمزە کوڕی وائل دەحدوح پەیامنێری کەناڵی جزیرەی قەتەرە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی هێرش و بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، هاوسەر و دوو منداڵ و نەوەکەی لە دەست دابوو.
کوڕی ئەم پەیامنێرە بەناوبانگەی جزیرە کە خۆیشی پەیامنێری ئەو کەناڵە بووە، لە دوایین پەیامی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ باوکی ڕایگەیاند:” باوکی من، بێهیوا مەبە و دڵنیا بە کە خوای گەورە لە بەرامبەر ئەو پشوودرێژییەت پاداشتێکی باشت دەداتەوە “.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئیدانەی کوژرانی پەیامنێرەکانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ڕێگری لە ڕووماڵکردنی تاوانەکانی پەنا بۆ کوشتنی پەیامنێرەکان دەبات.
ئەو نووسینگەیە داوای لە سەندیکا ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم دامەزراوەکانی دیکە کردووە تا وێڕای ئیدانەکردنی ئەم تاوانە، بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکەی غەززە گوشارەکان لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی چڕ بکەنەوە./.