بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر، لە ڕێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، وتی: شەهید سولەیمانی لە چوارچێوەی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی، ئاسایشی ناوخۆیی و نەبوونی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، خەبات و تێکۆشانێکی زۆری هەبووە و لە هەر شوێنێک هەڕەشەیەک لە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە هەبووە، یارمەتیدەر بووە و ئەم ڕێگا و شێوازەش بووە هۆی ئاگادارکردنەوەی گەلانی ناوچەکە لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری جیهانی.
ناوبراو وتی: بە کۆتایی هاتنی خەلافەتەکەی داعش و شکستی پیلانگێڕییەکانی داگیرکارانی ئەمریکی، سەرۆک کۆماری تیرۆریستی ئەو کاتەی ئەمریکا بە هاندانی وەزیری تیرۆریستی دەرەوەی کابینەکەی فەرمانی تیرۆری ئەو فەرماندە لێهاتوو و بەهێزەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی دەرکرد و لە کاتێکدا کە بەڕێزیان میوانی سەرۆک وەزیران و گەل و حکومەتی عێراق بوون، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرانە ئامانجی ڕاستەوخۆ و لە گەڵ هاوڕێکانیان بە تایبەت ئەبومەهدی موهەندیس شەهید بوون.
ڕەشنودی وتی: خەڵک و بەرپرسانی هەر دوو وڵات وەک ڕێزگرتنی ئەو شەهیدە ئازیزانە، کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەمریکایان کە پێشێلکردنی سەرجەم یاسای نێودەوڵەتی بوو ئیدانە کرد و کەم وێنەترین ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی ئەو شەهیدانە بەڕێوەچوو.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە درێژەدا بەشێک لە پەیامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییان بۆ شەهیدبوونی حاجی قاسم سولەیمانی خوێندەوە کە دەقی ئەوە پەیامەش وەهایە ” ساڵانێک تێکۆشانی ڕاستگۆیانە و بوێرانە لە بەرەکانی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەیتانەکان و خوێنڕێژەکانی جیهان و ساڵانێک خولیای شەهیدبوون لە ڕێگای خودا، لە ئاکامدا شەهید سولەیمانی ئازیزی گەیاندە ئەم پێگە باڵایە و خوێنی پاکی ئەو بە دەستی ناپاکترین مرۆڤی سەر زەوی ڕژاوە، ئەو نموونەیەکی دیاری پەروەردەکراوەکانی ئیسلام و مەکتەبی ئیمام خومەینی (رە) بوو “.
ڕەشنودی ڕایگەیاند کە ئەمڕۆش دەبینین هەزاران منداڵ و ژن و پیر و گەنجی فەڵەستینی لە لایەن ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی و بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتان کۆمەڵکوژ دەکرێن کە ئەمەش پیشاندەری دڕندەیی و تاوانباریی ئەو ڕژێمەیە. ئەو ڕژێمە تیرۆریستە لە هێرشێکی ڕاستەوخۆش بۆ سەر ماڵی ڕاوێژکاری سەربازی و دیپلۆماتکاری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا شەهید سەید ڕەزی موسەوی، دەستی دایە تاوانێکی دیکە و جارێکی دیکە تیرۆریزمی ڕژێمی زایۆنیستیی بە جیهانیان پیشاندایەوە./.