بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی تیرۆری شەهیدان حاجی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، وتی: حکومەت لە کۆتایی هێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق پاشگەز نابێتەوە و هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی ئەو هێزانە نەماوە.
ناوبراو سەبارەت بە تاوانەکەی ئەمریکا لە تیرۆری فەرماندەکانی خۆڕاگری، وتی: ئەو هێرشەی کە بووە هۆی شەهیدبوونی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، بە پێچەوانەی تەواوی یاساکان و پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن بووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها سەبارەت بە حەشدی شەعبی وتی: هێزەکانی حەشدی شەعبی نوێنەری فەرمی و سەر بە حکومەتن و بەشێکی جیانەکراوی هێزە چەکدارەکانی عێراقن.
ڕاشیگەیاند کە هیچ لایەنێک ڕێگاپێدراو نییە دەسدرێژی بکاتە سەر دەسەڵات و سەروەری عێراق./.