بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتارێکدا بە ناوی بافڵ تاڵەبانی سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەی، وتی: ئەمڕۆ یادی دوو تێکۆشەری ماندوونەناسی ئێرانی و عێراق، شەهیدان حاجی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەکەینەوە و هەر دوو شەهیدەکەش خەباتێکی دوور و درێژیان لە گەڵ سەرکردایەتی و فەرماندە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان هەبووە.
ناوبراو وتی: ئێمە بە هۆی ئەوەی یادی ئەو شەهیدانە لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە شان بە شانی سەرکردەکان و خەباتگێڕان و پێشمەرگەکانی ئێمە شەڕی دابینکردنی ئاسایشیان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کردووە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئاماژە بە ڕۆڵ و خەباتی شەهید قاسم سولەیمانی لە شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران، وتی: شەهید سولەیمانی لە پاش شەڕی ئێران و عێراق بەردەوام لە ناوچەکە خزمەتی گەلان و وڵاتەکەی خۆیی کردووە و لە عێراقیش و بە تایبەت لە نەهێشتنی هەڕەشەی داعش لە سەر هەولێر یەکەم کەس بوو لە گەڵ هێزە کوردییەکان شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی کرد و شکست بەو هەڕەشەیە هێنرا.
شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وتی: لە سەعدیە و جەلەولا تا دەگاتە شەنگال، ڕۆڵ و خزمەتی شەهید سولەیمانی شان بە شانی هێزە کوردییەکان دیار بووە و هەر بۆیە نەک تەنیا پێویستە یادیان بکەینەوە، بەڵکوو دەبێت درێژە بەو ڕێباز و ڕێگایەش بدەین کە ئامانجەکەی نەهێشتنی تیرۆر و هەڕەشەی سەر گەلانە.
ناوبراو لە کۆتاییدا هاوخەمی خۆی و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری کرمان ڕاگەیاند./.