بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چوار ساڵ بە سەر تیرۆری نامرۆڤانەی فەرماندەی گەورەی جیهانی ئیسلام شەهید حاجی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری دەستەی حەشی شەعبی عێراق لە لایەن ئەمریکای تاوانبارەوە تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ تەواوی گەلانی جیهان دەزانن کە شەهید سولەیمانی لە ڕاستیدا قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بوو و لەم پێناوەشدا گیانی خۆیی کردە قوربانی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ئێران، ناوچەکە و جیهان.
شەهید سولەیمانی بە شەهیدبوونی خۆی مرۆڤایەتیی بەو ڕاستییە گەیاند کە تیرۆریستی یەکەم حکومەتی ئەمریکایە. بوونی حاجی قاسم سولەیمانی وەک کەسایەتی و فەرماندەیەکی باڵای سەربازی کە لە ئاستی نیشتمانی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی خاوەنی ستراتیژی تایبەت بە خۆی بوو، بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەڕەشەیەکی جیدی بوو، لە بەر ئەوەی کە ئەوان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیلانێکیان بە دەستەوە بوو تا بۆ هەمیشە ئەم ناوچەیە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا بهێڵنەوە و سەرچاوە و داراییەکانی وەک قۆناغە جیاجیاکانی مێژوو تاڵان بکەن.
هاوکات ئەمریکا لەم ڕێگایەوە هەوڵی مسۆگەربوونی ئامانجێکی دیکەی دەدا و لەمەش بەردەوام دەبێت و ئەویش ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی سەرنجی گەلانی ناوچەکە بە تایبەت گرووپەکانی خۆڕاگری لە زوڵملێکراویی گە؛ی فەڵەستین و تاوانە دژە مرۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی. لە ڕاستیدا هۆکاری شکستی تەل ئەبیب لە بەرامبەر گرووپەکانی جیهادی ئیسلامی و حەماس لە گەڵ مەکتەبی شەهید سولەیمانی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە.
وەک چۆن کە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، تایبەتمەندییەکی شەهید سولەیمانی پشتیوانی لە زوڵملێکراوان و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بووە. ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان هێنایە پێکهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان بە تایبەت داعش و پشتیوانیکردنی لە هەموو ڕوویەکەوە. بڕیار بوو لەو چوارچێوەدا حکومەتەکانی سوریا و عێراق بڕووخێت و ڕەوتی دابەشکردنیان دەست پێبکات و ئەمەش کاریگەری لە سەر ناوچە گرنگەکانی دیکەی جیهان دابنێت.
بەڵام لایەنەکانی خۆڕاگری بە تایبەت بە فەرماندەیی شەهید سولەیمانی، شکستیان بە پیلانگێڕی و ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێنا و لە ئاکامدا داعش شکستی هێنا و ئەمەش گەورەترین خزمەتی بەرەی خۆڕاگری بە مرۆڤایەتی بووە. ئەگەر ئەمەش ڕووی نەدەدا، ئەمڕۆ مەترسی خەلافەتی داعش زۆربەی ناوچەکانی جیهان بە تایبەت ئەورووپای دەگرتەوە و مرۆڤە ئازادیخواز و بەویژدانەکانیش دان بەم ڕاستییەدا دەنێن.
لەم ڕوانگەشەوە دەتوانین بڵێین کە تیرۆری شەهید سولەیمانی بۆ لەمپەرخستنە بەردەم ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بووە. گرنگینەدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەمەش دەتوانێت هاندەری گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان و ڕێکخستنی دووبارەیان بێت.
ئەڵبەت مەکتەبی حاجی قاسم زیندووە و موڵەتی مسۆگەربوونی پیلان و ئامانجەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە و تەنانەت لە جیهان نادات، سەرەڕای ئەمەش ووشیاری و هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت وڵاتانی ئیسلامی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە پێویست دادەنرێت./.