خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لە نزیکەوە بە مەبەستی پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کەناڵە جوانەکەی کوردسات سەردانی ئەو بەڕێزانەم کرد. دیسانەوە لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی ئەو ئازیزانە دەکەم و هیوای تەمەندرێژی و لەش ساغییان بۆ دەخوازم و بەو هەوڵ و بەردەوامبوونەیان دەتوانم بڵێم کە داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی کەناڵی کوردسات وەک میدیایەکی هەرە گرنگی بینراوی کوردی دەکات.
لە جیهانی ئێستادا کە گەشەی تەکنۆلۆژیا وایکردووە زۆر بە ئاسانی و بە خێراییەکی زۆر هەمووان لە هەواڵ و زانیارییەکان ئاگادار بن، بەداخەوە کە کەلتوری ڕەسەنی گەلان تا ڕادەیەک تووشی پشتگوێخستن بووە، ئەمە لە زۆربەی وڵاتان و لە نێو گەلانی جیاجیادا دەبینرێت.
هەرێمی کوردستان شانازی بە کەلتوری کوردییەوە دەکات کە لە زۆر بواردا دەوڵەمەند و خاوەن پێگەیە. کوردسات سەرکەتووانە لە ماوەی کارکردنیدا گرنگی و بایەخێکی زۆری بە پاراستن و گەشەی کەلتور و هونەری کوردی داوە و بە دڵنیاییەوە ئەمەش هۆکاری مانەوەی ئەم کەناڵە جوانەیە لای خەڵک و لە نێو دڵ و ماڵی ئەوان و بەم بۆنەشەوە دەبینین کە کوردسات بووەتە کەناڵی خێزانەکان.
ئێمەش لە دەزگای میدیایی جام کوردی بە شانازییەوە هەوڵمان لە پێناو پتەوکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە کەلتوری و هونەرییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان داوە، پەیوەندییەک کە خاڵی هاوبەشی زۆری پێوە دەبینرێت.
هیوادارین قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانمان بە زیاترکردنی هاوکارییەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەست پێبکەین.
دیسانەوە پیرۆزبایی لە ماڵە ڕووناکەکەی کوردسات دەکەم و دەستخۆشی لەوان دەکەم کە بە بەرنامە کەلتوری و هونەرییەکانیان ماڵی هەموو کوردێکیان ڕووناک کردووەتەوە.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی