بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ڕەمەزان شەریف وتی: شەهید سەید ڕەزی موسەوی ئەرکی پشتیوانی لە بەرەی خۆڕاگرییان لە ئەستۆ بوو و ئێمە نیگەرانی بەردەوامیدان بە ڕێبازی ئەو شەهیدە گەورەیە نین و پاش تیرۆری شەهید سولەیمانی دەبینین کە بەرەی خۆڕاگری بە هێزێکی زیاترەوە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی ڕاوەستاوە و ئەم ڕێگایە بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی سوپای پاسداران وتی: شەهید ڕەزی زیاتر لە 25 ساڵ ئەرکی ڕاوێژکاری و پشتیوانی بەرەی خۆڕاگریی لە سوریا و لوبنان لە ئەستۆ بووە و شەهیدبوونی ئەوان ناتوانێت کێشەیەک بۆ ئەرکەکانی سوپای پاسداران درووست بکات.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە شەڕی غەززە پەنای بۆ تیرۆرکردنی شەهید ڕەزی بردووە.
لیوا ڕەمەزان شەریف وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە میانەی شەڕی زریانی ئەقسا زیاتر لە 200 فەرماندەی لە دەست داوە و زیاتر لە 1500 کوژراویشی هەبووە و ئەمەش بۆ ڕژێمێک کە شانازیی بە سوپاکەیەوە دەکرد ژمارەیەکی زۆرە.
ناوبراو سەبارەت بە هۆکارەکانی بە ئامانجگرتنی ئەمریکییەکان لە عێراق وتی: پێش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقساش پەرلەمانی عێراق یاسای دەرکردنی ئەمریکییەکانی پەسەند کردووە و بوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە بووەتە هۆکاری توڕەبوونی خەڵکی عێراق./.