بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” کەتیبەکانی قەسام شەڕێکی سەخت و کەم وێنەی لە دژی داگیرکارانی ئیسرائیلی بەڕێوە بردووە و زیانێکی گیانی و مادیی زۆری بە سەر ئەواندا سەپاندووە “. ئەمە لە لایەن یەحیا سنوارەوە لە دڵی گۆڕەپانی شەڕی غەززەوە بەرامبەر بە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حەماس لە گەڵ نزیکبوونەوە لە هەشتایەمین ڕۆژی شەڕ نووسراوە.
ئەم نامەیە هاوکاتە لە گەڵ هەوڵەکانی تەل ئەبیب بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتی لە ڕێگای وڵاتی قەتەر و میسرەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە لە سەر هەڵوێستەکانی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی هێزەکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیستی لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی ئەو ڕژێمە.
سەرۆکی حەماس لە غەززە ڕایگەیاندووە کە کەتیبەکانی قەسام لە شەڕی وشکانیدا نزیکەی 5000 سەرباز و ئەفسەری کردووەتە ئامانج کە یەک لە سەر سێی ئەوان کوژراون، یەک لە سەر سێی ئەوان تووشی برینی سەخت بوون و ئەوانی دیکەش کەمئەندام بوون. لە بواری کەرەستە سەربازییەکانیش، 750 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی بە تەواوی لە ناو براوە.
سنوار لە پەیامەکەیدا وێڕای دەستخۆشی لە خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە ئەوان نموونەیەکی کەم وێنەی گیانفیدایی، قارەمانی، جوامێری، یەکڕیزی و یەکگرتووییان پیشان داوە و ئەمەش ئەرکی سەرکردایەتی سیاسییە کە لە زووترین کاتدا ساڕێژی زامەکانی ئەوان بکات و خۆڕاگریی ئەوان بەهێزتر بکات./.