بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی پەیامەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ پاپای ڤاتیکان لە درێژەدا هاتووە:
بە ناوی خودای گەورە
جەنابی پاپا فرانسیس
ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان
بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو باوەڕدارانی جیهان دەکەم بە بۆنەی هاتنی یادی لە دایکبوونی بەختەوەری عیسا بن مریەم “سەلامی خوای لەسەر بێت” و دەستپێکی ساڵی نوێی ٢٠٢٤.
عیسا مەسیح (د.خ)، پێغەمبەری ئاشتی و دۆستایەتی و ئایینەکەی پڕە لە بەزەیی و سەبر و وەستانەوە لە دژی ستەم و یارمەتیدانی بێبەش و ستەملێکراوان. بیرکردنەوە لە سیفەتە بەرزەکانی عیسای کوڕی مەریەم (ع) و پشکنین و جێبەجێکردنی شێوازی ژیانی ئەو پێغەمبەرە و هەموو پێغەمبەرە ئیلاهییەکان دەتوانێت ڕێگا بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ بکاتەوە بۆ کامڵبوون.
وەک دەزانن ئەمڕۆ چەندین تەحەددا لە بەردەم کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکاندایە کە گرنگترینیان دەسدرێژی ڕژێمی زایۆنیستی ئیسرائیلە بۆ کەرتی غەززە. بەداخەوە بە هۆی نەبوونی کردەوەی یەکلاکەرەوەی ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لە لایەک و پشتیوانی حکومەتی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی بۆ ئەم ڕژێمە لە لایەکی ترەوەو شاهیدی مردنی زیاتر لە 20 هەزار کەسی ستەملێکراو بووین بە تایبەت ژن و منداڵی فەلەستینی لەلایەن ڕژێمی قۆرخکاری ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە.
هیوادارم لە سەروبەندی ساڵی نوێدا، شاهیدی کردەوەی دەستبەجێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو مرۆڤە ڕاستگۆکان بین لە پێناو ڕاگرتنی کوشتاری خەڵکی بێتاوانی غەززە و بتوانین بە سەر ئەو کۆمەڵکوژییە زۆرەی غەززەدا زاڵ بین.
داوا لە خودای گەورە دەکەم بۆ تەندرووستی و سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی شوێنکەوتووانی عیسا مەسیح (د.خ) و ئارامی لە سەرتاسەری جیهاندا.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران