بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی محەممەد حوسێن بەحرئەلعلوم جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی بە کەم وێنە لە ناوچەکە ناو برد و وتی: سەردانەکان و ڕاوێژی بەردەوامی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات و ژمارەیەکی زۆری ڕێکەوتنی هاوکاری هاوبەش لە ئاست و بوارە جیاجیاکان پیشاندەری قووڵایی پەیوەندییە دۆستانەکانە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ستایشی ڕۆڵی بەرچاوی عێراقی کرد لە گەشە و سەقامگیری ناوچەکە و جەختی لە سەر پێویستی پتەوکردنی جموجوڵە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی ڕوبەڕوبونەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە گەشبینییەوە باسی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدای کردەوە و جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی بە پێویست ناو برد.
محەممەد حوسێن بەحرئەلعلوم جێگری وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای ئیدانەکردنی 75 ساڵ داگیرکاریی زایۆنیستەکان، داوای یەکڕیزی نێوان فەڵەستینییەکان و هاوکاری هاوبەشی جیهانی ئیسلام بۆ بەرگری لەوان کرد./.