بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە وەزیری بەرگری ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە کاتی ڕاگەیاندنی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی لە دژی یەمەن، ناوی سێ وڵاتی فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیتالیای وەک ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییە هێنابوو، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە 23 ی کانوونی یەکەمی 2023 ڕایگەیاند کە ئەو سێ وڵاتە داواکەی ئەمریکایان ڕەتکردووەتەوە.
ئەمریکا ئەو هاوپەیمانییەی بۆ ڕێگری لە هێرشەکانی یەمەن بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی لە دەریای سوور پێکهێناوە بەڵام شارەزایان ڕایانگەیاندووە وەک پرۆژەکانی دیکەی واشنتن لە ناوچەکە سەرکەوتوو نابێت.
پرۆژەکەی ئەمریکا لە ڕاستیدا قەڵغانێکی دەریاییە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی.
بە هۆی ئەوەی کە داهاتووی هاوپەیمانییە دەریاییەکەی ئەمریکا ڕوون نییە و دیار نییە کە وڵاتانی ئەندام چ ئەرک و ڕاسپاردەیەکیان دەبێت سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە دەکەن.
هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکانی ئەوان بۆ سەر کەشتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو کەشتییانە دەبێت کە ئامانجیان گەیشتن بە بەندەرەکانی ئەو ڕژێمەیە و هیچ کەشتییەکی دیکە ناکرێتە ئامانج. هەروەها جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی تا ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر غەززە بەردەوام دەبێت./.