بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یاسر حوری لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئێرنا وتی: ئێمە بەرگریمان لە فەڵەستین کردووە و ئامادەیی تەواومان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر کاردانەوەیەکی ئەم بڕیار و هەنگاوەمان هەیە.
ناوبراو سەبارەت بە هەر هەڵەیەکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هێرشکردنە سەر یەمەن، وتی: ئەگەر هەر دەسدرێژییەک بکرێتە سەر یەمەن، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی وەها وەڵامێک وەردەگرن کە بۆیان چاوەڕواننەکراو دەبێت و قەد پێشبینی ئەوەشیان نەکردبێت.
حوری لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئایا سوپای یەمەن دەچێتە شەڕی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانی ئەمریکاوە، وتی: ئەگەر ئەمریکا بڕیاری شەڕی ڕاستەوخۆ بدات بە دڵنیاییەوە کە سوپای یەمەن دەچێتە ئەم شەڕەوە.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن وتی: هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئەرکی سەر شانی خۆیان و داواکاری هەر تاکێکی موسڵمان و عەرەبیان بۆ وەڵامدانەوەی کوشتار و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێ کردووە و لە ڕێگای چالاکییەکانی خۆیانەوە لە دەریای سوور، ئابوری ڕژێمی زایۆنیستییان خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.
یاسر حوری لە درێژەدا وتی: کاریگەرییە ئابورییەکانی چالاکی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بۆ ڕژێمی زایۆنیستی زۆر قورسە و تەنانەت بووەتە هۆی داخرانی بەندەری ئیلات وەک ناوەندێکی گرنگی ئابوری و بازرگانیی ئەو ڕژێمە.
ڕاشیگەیاند کە دوژمنی زایۆنیستی سانسۆری خستووەتە سەر میدیاکان و زیانەکانی بڵاو ناکاتەوە بەڵام لە داهاتوودا بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە کە چالاکی هێزە چەکدارەکانی یەمەن چەندە گەورە و کاریگەر بووە.
ناوبراو وتی: حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن بە ڕێگای جۆربەجۆر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانیی ڕاگەیاندووە کە تەنیا کەشتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو کەشتییانەی کە دەیانەوێت بگەنە بەندەرەکانی ئەو ڕژێمە، دەکرێنە ئامانج.
حوری وتی: یەمەن لەم ئەرکەیدا سەرکەوتوو بووە و تا ڕادەیەکی زۆر سەرنجی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیی لە سەر غەززە کەمکردووەتەوە و ئەم هەنگاوەی یەمەن وەک هەنگاوەکانی حزبوڵڵای لوبنان و خۆڕاگرییە لە عێراق و سوریا./.