بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڤاری ئەمریکی نیوزویک ڕایگەیاندووە کە بەردەوامی هێرشەکانی یەمەن لە دەریای سوور هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕوبەڕوی کێشەی نوێ دەکاتەوە. سوپای ئەمریکا سەبارەت بە کاردانەوەی لە بەرامبەر هێزەکانی یەمەن بژاردەی قورسی لە بەردەستە.
ئەو گۆڤارە ڕایگەیاندووە کە واشنتن دەبێت لە نێوان ئامادەبوونی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و پشتیوانی لە ئیسرائیل هاوسەنگییەک دابین بکات، هێزی دەریایی ئەمریکا ناتوانێت لە هەموو شوێنێک ئامادە بێت و مەتر بە مەتری دەریاکان بپارێزێت.
پۆلیتیکۆ گۆڤارێکی دیکەی ئەمریکایە کە ڕایگەیاندووە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە نیگەرانی تێچووی ڕوبەڕوبونەوەی مووشەک و درۆنەکانی یەمەنە. نیۆیۆرک تایمزیش خاڵە لاوازەکانی هاوپەیمانییە دەریاییەکەی ئەمریکای باس کردووە و ڕایگەیاندووە کە نەبوونی وڵاتە گەورە عەرەبییەکان بە کێشەیەکی بەردەم ئەمریکییەکان دادەنرێت.
ئەم شرۆڤانەش لە کاتێکدایە لە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەردانی تەل ئەبیبی کرد و لەوێوە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی لە دژی یەمەن ڕاگەیاند، هاوپەیمانییەکان کە لە هەمان سەرەتاوە بە بەشدارینەکردنی وڵاتانی عەرەبی، خاڵە لاوازییەکانی دەرکەوت.
پێگەی الخلیج ڕایگەیاندووە کە سعوودیە نایەوێت ڕوبەڕوبونەوەیەکی دیکەی لە گەڵ یەمەن هەبێت، ئیمارات متمانەی بە کاریگەری ئەم هاوپەیمانییە نییە و میسریش بوونی هاوپەیمانییەکەی ڕەتکردووەتەوە.
لە تەل ئەبیب بە هۆی چالاکییەکانی یەمەنییەکانەوە دەنگی میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەرز بووەتەوە. ڕۆژنامەی هائارێتس ڕایگەیاندووە کە دوو هەفتەیە هیچ کاڵایەک لە دەریای سوورەوە نەهاتووەتە بەندەرەکانی ئیسرائیل و چاوەڕوان دەکرێت ئەم دۆخە بۆ هەفتەکانی داهاتووش بەردەوام بێت./.