بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سزا نەوتییەکان وەک چەکێک لە دژی وڵاتانی خاوەن وزە کەڵک وەردەگرن، ساڵی 2017 ئەم سزایە لە دژی ئێران جێبەجێ کرا، لە وڵاتی ڤەنزوێلاش هەمان سیاسەت جێبەجێ کرا و لە یەک ساڵی ڕابردووش لە دژی ڕووسیا بە بیانووی شەڕی ئۆکرایناوە گیراوەتەبەر.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕای نرخی نەوتی ڕووسیا لە بازاڕی هیندستان گەیشتە 84.2 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە زیاترە لەو ڕێژەیەی کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ فرۆشتنی نەوتی ڕووسیا لە کانوونی یەکەمی 2022 دیارییان کردووە.
بە پێی گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، کۆمپانیاکانی بیمە تەنیا پشتیوانی لەو نەوتە دەکەن کە بە نرخی 60 دۆلارەکەی ئەوان لە لایەن ڕووسیاوە هەناردە دەکرێت بەڵام ڕووسیا بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و تایبەت، نەوتەکەیی بە زیاتر لەو نرخە فرۆشتووە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پیشان دەدات کە پاش سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، ڕووسیا نەوتەکەی زیاتر بە چین و هیندستان دەفرۆشێت، بە تایبەت لە گەڵ هیندستان کە ئاستی هەناردەی نەوتەکەیی بۆ ئەم وڵاتە سەرەڕای گەمارۆ و سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا پاراستووە.
بەرپرسێکی باڵای ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە هۆی پێشبینی مانەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا، کەڵک لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەدات./.