ئەگەرچی وتارەکەی مامۆستا عەلی باپیر پێشتر لە کەناڵی پەیامدا بڵاو کراوەتەوە بەڵام بە هۆی گرنگیی بۆ ئەم بارودۆخە، لە لایەن جام کوردیشەوە دووبارە بڵاو دەکرێتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاندووە کە شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی تێکۆشەرانی فەڵەستینی لە بزوتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی چەندین وانە و عیبرەتی هەبووە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدراوە:
1 – شکانی تەلیسمی ئەفسانەیی (سوپای لە شکان نەهاتوو) قەوارەی زایۆنی، کە دەوڵەتانی فشۆڵی عەرەبی ساڵانێکی زۆرە بەند و بالۆرەیان پێدا دەگوت، بەڵام دەرکەوت کە لە هەمبانەی خۆیاندا گوێزیان ژماردوون.
2 – ئابڕوچوونی قەوارەی زایۆنی و پەردە لە سەر هەڵماڵرانی دڕندایەتی و دژە مرۆڤبوونەکەی و تۆڵەکردنەوەی لووت شکێنرانی لە لایەن موجاهیدانەوە لە ژن و منداڵ و پیر و نەخۆش و خەڵکی سڤیل.
3 – دەرکەوتنی ڕۆڵ و کاریگەری موعجیزە ئاسای ئیمان و عەقیدەی ئیسلامی کە کۆمەڵە موسڵمانێکی فیداکار، هێزێکی وەک قەوارەی زایۆنی و لە پشتیشەوە زلهێزانی وەک ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییان بە چۆکدا هێناوە.
4 – بە زەقی کەوتنە ژێر نیشانەی پرسیاری دەوڵەتان و بەرپرس و حکومڕانانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە یان هاوکاری قەوارەی زایۆنین یان لە بەرامبەریدا بێدەنگ و هیچ کارەن.
5 – دەرکەوتنی فشۆڵی و بێ جەوهەریی دەوڵەتە عەرەبییەکان و بڵحیی و ناجوامێری و دەستەپاچەیی سەرۆک و بەرپرسەکانیان کە نەک هەر چەک و کەرەستەی سەربازی، بگرە ئاو و خۆراک و دەرمان و پۆشاکیشیان بۆ دانیشتووانی غەززە نەناردووە.
6 – بێ سومعە و ئیعتباربوون و کەرامەت و ڕێزشکانی سەرجەم ئەو بەناو زانا و بە ڕواڵەت پێشەوایانەی بوونە دەهۆڵ کوت و زۆڕناژەنی ئەو حکومڕانە بنەماڵەیی و میراتییە خۆسەپێن و بوودەڵانەی ناویان لێناون کاروبار بە دەست، لە حاڵێکدا ژەموویان گوێ لە مستی زلهێزانن و جگە لە ماستاوکردن بۆ دوژمنانی ئیسلام شتێکی دیکە نازانن.
7 – ویژدان و زیندووێتی و مرۆڤدۆستی خەڵکێکی زۆری ئەورووپا و ئەمریکا کە چەندان خۆپێشاندانی جەماوەری فراوانیان کرد بۆ پشتگیری موسڵمانانی فەڵەستین و دژایەتی قەوارەی زایۆنی./.