بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆسامە حەمدان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دانوستانی ناڕاستەوخۆی حەماس و تەل ئەبیب بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی نوێی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، وتی: هەڵوێستی ئێمە ڕوون و نەگۆڕە و هیچ دانوستانێک پێش ڕاگرتنی شەڕ و هێرشەکان ناکرێت.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە خۆڕاگری لە کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت و وتی: شەقامی زایۆنیست بە هۆی کوژرانی سێ دیلەکەیان لە لایەن سوپای ئەو ڕژێمەوە گەیشتووەتە لوتکەی توڕەیی و داگیرکاران تەنیا سێ بژاردەیان هەیە، بژاردەی شالیت، بژاردەی ئەو سەربازانەی کە بە فیشەکی هاوڕێکانی خۆیان دەکوژرێن یان بژاردەی ڕوون ئاراد.
گلعاد شالیت سەربازێکی زایۆنیستە کە ساڵی 2006 بە دیلی کەوتە دەستی هێزەکانی قەسام و لە ساڵی 2011 لە گەڵ زیاتر لە هەزار بەندکراوی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ کرا بەڵام ڕوون ئاراد ئەو فڕۆکەوانەیە کە پاش تێکشکانی فڕۆکەکەی لە ساڵی 1986 لە باشوری لوبنان چارەنووسی نادیارە و زایۆنیستەکان تا ئێستا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون سەرەداوێک لەو بە دەست بێنن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس وتی: زایۆنیستەکان بە شەڕ نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان و کەس نازانێت یەحیا سنوار سەرۆکی حەماس لە غەززە چۆن شەڕەکە بەڕێوە دەبات، لە هەمان کاتدا هاوئاهەنگییەکی تەواو لە نێوان سەرکردایەتی حەماس و فەرماندەیی کەتیبەکانی قەسام بوونی هەیە.
ئۆسامە حەمدان سەبارەت بە لێدوانەکانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش وتی: ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هێندە گەورە نییە و تەنیا لە شێوازدایە و هەر دوو دەیانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت./.