بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی وتی: ئەمڕۆ ئێرانی ئیسلامی شانازی بەوەوە دەکات کە وەک هێزێکی گەورەی ناوچە و جیهانە و هیچ هێزێک توانای ئەوەی نییە بەرامبەر بەم گەل و خاکە تووشی هەڵەیەک ببێت.
ناوبراو وتی: ئەم ئارامییەی گەلی ئێران بەم هەموو پیلانگێڕییەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە ناوچەکە، خەڵات و دیارییەکی گەورەیە کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: لە چواردەوری ئێران ئاگر دەبارێت بەڵام گەلی ئێران ئارامە و ئەم بەرهەمە گەورەش بووەتە پشتیوانییەک بۆ خۆڕاگریی ناوچەکە.
فەریق سەلامی وتی: ئەمریکا وا دەزانێت کە بە داگیرکردنی خاک و کوشتاری خەڵک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و لە جیهانێکی پارێزراودا بێت. ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام هەڵە و ئەزموونە شکستخواردووەکانی ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە. ئایا داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق سوودێکی بۆ ئەوان هەبوو؟ بۆ کاتی هەڵهاتن لە ئەفغانستان ئەو هەموو چەک و کەرەستە سەربازییەیان بە جێهێشت؟ ئەمەش لە عێراق و سوریا دووبارە کرایەوە و ئەمڕۆ ئەمریکییەکان لەم دوو وڵاتەشدا سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ هەڵهاتن و بە جێهێشتنی ناوچەکە.
ناوبراو وتی: ئەو باجەی لە دانیشتووانی ئەمریکا وەردەگیرێت بۆ چارەسەرکردنی کیشە و کەموکوڕییەکانی خەڵک بەکار ناهێندرێت و لە پێناو شەڕێکی بێ سوود و هەڵەیەکی گەورەی کۆشکی سپی لە ئەفغانستان، عێراق، سوریا و لوبنان بەکار هاتووە.
وتیشی کە ئەمڕۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەرچی زیاتر غەززە بۆردومان بکەن، بزماری زیاتر لە سەر تابوتی خۆیان دەدەن.
فەرماندەی سوپای پاسداران وتی: ئەو مافی مرۆڤ و دیمۆکراسییەی کە ئەمریکییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمڕۆ لە فەڵەستینی داگیرکراودا نمایش کراوە.
ناوبراو وتی: گەلی فەڵەستین خۆڕاگرانە لە گۆڕەپانەکەدا وەستاون و دەزانین کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززە تووشی شکستی گەورە دەبن./.