بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەم ڕۆژانەدا زیاتر گرنگی بە مەترسی ئەمنی و ئابوری هەڕەشەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر ئابوریی ئەو ڕژێمە بە تایبەت هەڕەشەی سەر ئەو کەشتییانە دەدەن کە بە جۆرێک پەیوەندییان بە تەل ئەبیبەوە هەیە.
میدیا عبری زمانەکان ڕایانگەیاندووە کە هەر کەشتییەک لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ئیسرائیل دەڕوات، لە نۆکەندی سویس تێپەڕ دەبێت و لەم ڕێگایەش بە گەرووی بابولمەندەبی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی یەمەن دەڕوات.
میدیا زایۆنیستەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هەست بە مەترسی بکرێت دەبێت ئەو کەشتییانە بە ڕێگایەکی دوور و درێژدا بەرەو ئەفریقا بڕۆن تا لە گەرووی جەبەل تاریقەوە بگەنە ئیسرائیل، ئەمەش کاتی گەیشتنی کەشتییەکان بۆ 5 هەفتەی زیاتر درێژ دەکاتەوە و دەتوانێت زیان بە کاڵاکانیش بگەێنێت.
لە ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا هاتووە کە ئەو تێچووە زیادەیەی کەشتییەکان لە ئەستۆی کۆمپانیاکانی کەرتی گواستنەوە نابێت بەڵکوو دەکەوێتە ئەستۆی هاوردەکاران و لەوێشەوە دەبێتە قورساییەک بە سەر بازاڕەکانەوە کە نرخەکان بۆ بەکارهێنەرەکان بەرزتر دەکاتەوە.
میدیا عبری زمانەکان ڕایانگەیاندووە کە مەترسی تێکچوونی چالاکییەکانی بەندەری ئیلات بە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتەکانیەوە هەیە، بە تایبەت کە کۆمپانیا کەشتیوانییەکان بە هۆی مەترسی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی یەمەنەوە پارەیەکی زیاتر وەردەگرن.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئەو بەرەیەی کە ئیسرائیل هیچ کات وەڵامی ناداتەوە، بەرەیەکە کە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە مەترسیی لە سەر سەقامگیری ئابوری داناوە.
میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها ئاماژەیان بە لێدوانەکانی بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی ناوخۆیی ئەو ڕژێمە داوە کە بە ئاماژە بە هەڕەشەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن، ڕایگەیاندووە ئیسرائیل بە تەواوی لە دەریاوە گەمارۆ دراوە.
پێشتریش سەرۆکی پێشووی هەواڵگری سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندبوو کە هەڕەشەکانی یەمەن لە سەر ئابوریی ئیسرائیل بە جیدی دادەنرێت.
شرۆڤەکارێکی کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب دەیەوێت ئەوە بە ئەمریکا بڵێت کە هەڕەشەکانی یەمەن کێشەیەکی جیهانییە و باشترە ئەم کێشەیە لە ئاستی جیهانیدا وەڵام بدرێتەوە نەک لە لایەن تەل ئەبیبەوە./.