بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کازم فەرتوسی وتەبێژی کەتائیبی سەیدئەلشوهەدای عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، سەبارەت بە ستراتیژی خۆڕاگریی ئەم وڵاتە و هاوکاریکردنی خۆڕاگریی فەڵەستین لە شەڕی غەززە، وتی: هاوکارییەکانی خۆڕاگری بۆ غەززە تەنیا مەعنەوی نییە لە بەر ئەوەی کە دوژمن ژنان و منداڵانی فەڵەستینیی کردووەتە ئامانج، هەر بۆیە پێویستە بە زمانی هێزەوە لە گەڵ دوژمن قسە بکرێت نەک تەنیا بە زمانی خۆپێشاندانان و چالاکییە جەماوەری و سیاسییەکان و لەو بڕوایەداین کە دوژمنی زایۆنیستی تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات.
ناوبراو سەبارەت بە داگیرکارانی ئەمریکیش وتی: سەرجەم گرووپەکانی خۆڕاگریی عێراق لە ڕابردوودا هەوڵی دەرکردنی داگیرکارانی ئەمریکییان داوە و لە ئێستاشدا پشتیوانی لە غەززە و خەڵکی فەڵەستین دەکەن.
فەرتوسی وتی: بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە ڕیزی ئامانجەکانی خۆڕاگریی عێراق دادەنرێن، بە تایبەت ئەو بنکانەی کە لە ڕووی سەربازی و ئاسمانییەوە بۆ ئەمریکییەکان گرنگن و بەردەوام پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن.
وتەبێژی کەتائیبی سەیدئەلشوهەدا وتی: ئەمریکییەکان بە پشتیوانییە سەربازی و داراییەکان و هەروەها بەکارهێنانی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەوەیان سەلماندووە کە هاوبەشی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستین لە کۆمەڵکوژییەکەی غەززە. هەروەها سیاسەتمەدارانی ئەمریکی بەردەوام لە هەڵوێستەکانیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی دەربڕیوە. لەم هەلومەرجەدا بەرەی خۆڕاگری پێویستی بە ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی خۆی هەبوو و بەم هۆیەشەوە سەرجەم پێگەکانی دوژمن لە عێراق، سوریا و تەنانەت شوێنەکانی دیکە کەوتنە ڕیزی ئامانجەکانی خۆڕاگرییەوە.
فەرتوسی سەبارەت بە ناساندنی چالاکییەکانی کەتائیبی سەیدئەلشوهەدا لە لایەن ئەمریکاوە بە کردەوەی تیرۆریستی، وتی: ڕاگەیاندنی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لە لایەن شەیتانی جیهانییەوە بووەتە مایەی شانازی و سەربەرزی هێزەکانی سەیدئەلشوهەدا، ئەڵبەت چالاکییەکان هیچ کات تیرۆریستی نەبووە و بۆ ئازادی و خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکاران بووە و ئەمەش مافێکە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستەبەر کراوە.
ناوبراو وتی: ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی ئێمەی لە ئەنبار و بەغدا کردبێتە ئامانج. ئەمریکا پێشتریش شەهیدان حاجی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ی تیرۆر کردووە و بە شێوەی جیاجیا کێشە و ئاستەنگی لە بەردەم حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا خوڵقاندووە.
فەرتوسی وتی: خۆڕاگریی عێراق دوو چەکی بەرگریی هەیە، ئەمریکاش سەرەڕای ئەوەی کە دەتوانێت بنکە سەربازییەکانی خۆڕاگریی عێراق بکاتە ئامانج بەڵام بەرژەوەندی خۆی لەوەدا دەبینێت کە نەچێتە شەڕی دژ بە گرووپەکانی خۆڕاگرییەوە.
وتەبێژی کەتائیبی سەیدئەلشوهەدا وتی: هێزەکانی خۆڕاگری دەتوانن هەر هاوکێشەیەک وەڵام بدەنەوە و ئەمەش لە کاردانەوەکان بەرامبەر بە شەڕی غەززە و کردنە ئامانجی بەندەری ئیلات ی ڕژێمی زایۆنیستی بینراوە و هەروەها ئەمریکا پەیامی کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکانی خۆیی وەرگرتووە.
وتیشی کە سەرجەم پێگەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕیزی ئامانجە سەربازییەکانی خۆڕاگریدان و داگیرکاران دەبێت هەست بە جۆری چەکەکانی خۆڕاگری بکەن./.