بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جیهان حەفتا و پێنجەمین ساڵۆگەڕی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی بەرز ڕاگرت، ئەو جاڕنامەی کە لە ساڵی 1948 لە لایەن کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا. هەمان ئەو ساڵەی کە مافی فەڵەستینییەکانی تێدا بە فەرمی پێشێلکرا و ڕژێمێکی نایاسایی لە دڵی جیهانی عەرەبدا دامەزرا.
ئێستا لە کاتێکدا باس لە مافی مرۆڤ دەکرێت کە جیهان گەورەترین کارەسات و کوشتار و کۆمەڵکوژی لە دژی فەڵەستینییەکانی غەززە دەبینێت.
ئێستا دانیشتووانی وڵاتانی جیهان پڕوپاگەندە و بانگەشەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە دیمۆکراسی، مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ شەرمەزار دەکەن، لە بەر ئەوەی کە دیمۆکراسی ڕۆژئاوا، شوێنی بکوژ و قوربانیی گۆڕاوە و کۆمەڵکوژییەکانی تاوانباران و بەکارهێنانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەک مافی بەرگری و وەڵامدانەوە ناو دەبات.
دیمۆکراسی ڕۆژئاوا، خۆڕاگری بە تیرۆریزم ناو دەبات و لە ڤیتۆ بۆ بەردوامی تاوانی داگیرکاران و کۆمەڵکوژی کەڵک وەردەگرێت. دیمۆکراسی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ جیاوازییەک لە نێوان کۆرپەلە، منداڵ، ژن، بەساڵاچوو یان تیمە پزیشکییەکان و هێزە سەربازییەکان دانانێت و بۆ بەئامانجگرتنی پەناگەکان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان پاساو دەهێنێتەوە.
مافی مرۆڤی ڕۆژئاوا ئامانجەکانی خۆی بە ڕەوا دەزانێت و لە پێناو مسۆگەرکردنی، بۆمب و مووشەکەکان بە بێ بچووکترین نیگەرانی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بە سەر خەڵکانی بێ تاواندا دەبارێنێت.
مافی مرۆڤی ڕۆژئاوا گرنگی بە ڕای گشتی و توڕەبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سەدان ملیۆن کەس لە وڵاتانی جیهان کە بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکەی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان، نادات.
10 ی کانوونی یەکەمی 2023 هاوکات بووە لە گەڵ شەست و پێنجەمین ڕۆژی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خەڵکی بێ تاوانی غەززە کە ئاوارەبوون و کۆچکردنی زۆرەملە قبووڵ ناکەن و خۆیان لە بەرامبەر پیلانەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان بە دەستەوە نادەن و بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانەش گیان و ماڵی خۆیان قوربانی دەکەن.