بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی حوسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا لە تاران، پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی بە مێژوویی و ستراتیژی ناو برد و ڕەزامەندی خۆیی لە سەر جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری ڕێکەوتنەکانی لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا دەربڕی.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی هیوای خواست کە بە هەوڵ و بەدواداچوونی بەرپرسانی ئێران و سوریا، ڕێکەوتنە هاوبەشەکان بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.
ناوبراو دوژمنایەتی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیی لە گەڵ سوریا بۆ خۆڕاگریی گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە و شکستی پیلانەکانی ئەوان بە تایبەت لە ڕوبەڕوبونەوەی گرووپە تەکفیری و تیرۆریستییەکان گەڕاندەوە و وتی: خۆڕاگری ئیسلامی فەڵەستین ئەمڕۆ بە پشت بەستن بە ئیمان خۆی و سەرەڕای بەهێزبوونی زایۆنیستەکان لە ڕووی دەریایی و ئاسمانییەوە و پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە شەڕی غەززە سەرکەوتن و دەسکەوتی زۆری مسۆگەر کردووە و لە ماوەی زیاتر لە 60 ڕۆژ شەڕی غەززە، زایۆنیستەکان بەدەر لە کوشتاری ژنان و منداڵان و ڕووخاندنی خانووەکانی خەڵک هیچ دەسکەوتێکیان نەبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە ڕووی هەواڵگری، سەربازی، ئەمنی، دارایی و میدیایی نەدەبوو، بە دڵنیاییەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی دەڕووخا و هەڵدەوەشایەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی توڕەبوون و نەفرەتی جیهانیی لە ڕژێمی زایۆنیستی و هاوپەیمانەکانی بە پیشاندەری ڕاست و درووستی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پاڵپشتی لە مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین ناو برد و وتی: ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا سنورەکانی خۆڕاگریی لە ناوچەکە بۆ جیهان زیاتر کردووە.
لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا حوسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامی ئێران ستراتیژییە و دەبێت لە بوارە جیاجیاکانی وەک ئابوری، بانکی، گەشتیاری و بازرگانی بەرفراوانتر بکرێت./.