بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڵاوبوونەوەی وێنەی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە لە لایەن هێزەکانی سوپای داگیرکار و منداڵکوژی ڕژێمی زایۆنیستییەوە و ئەو هەڵسووکەوتە نەشیاوەی بەرامبەر بەوان دەکرێت، کاردانەوەی زۆری لە لایەن ڕای گشتی جیهانەوە بە دواوە بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک لە خەڵک وێنەی دیلەکانیان لە عێراق و سوریا و هەڵسووکەوتی تیرۆریستانی داعش لە گەڵ ئەوان، خستووەتە پاڵ ئەم وێنانەی تیرۆریستانی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕایانگەیاندووە کە داعش و ڕژێمی زایۆنیستی هەر دوو یەک هەڵسووکەوتیان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل هەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو کەسانەی لە لایەن زایۆنیستەکانەوە دەستبەسەر کراون هیچ پەیوەندییەکیان بە گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستینەوە نییە و لە خەڵکی ئاسایی و ئاوارەی غەززەن.
هادی مازون بەرپرسی کاروباری مرۆڤدۆستانە لە ئاژانسی پەنابەران و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئاوارەکانی فەڵەستین کە بە ئانڕوا ناسراوە، ڕایگەیاندووە کە زۆربەی ئەو کەسانەی لە وێنەکەدا دەرکەوتوون، دەناسێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دیمەنی باوک، برا و دوکاندارێک کە لە ماڵەکەی خۆیان هێنراونەتە دەرەوە و وەک ئەندام و شەڕکەری حەماس دەستبەسەر کراون، تووشی سۆک بووم.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە براکەمیان ڕووتکردەوە و بەو کەشە ساردە لە دەرەوە هێشتیانەوە و توندووتیژییان بەرامبەر کردووە.
کەناڵی نیو عەرەب سەبارەت بە وێنە بڵاوکراوەکە ڕایگەیاندووە کە ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی فەڵەستینی بە ناوی زیا کەلحوت لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندایە و تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەر کراون.
ئەمە یەکەم جار نییە کە زایۆنیستەکان پەنا بۆ ئەم هەڵسووکەوتە دەبەن. بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەدا 98 ی فەڵەستینییەکان کە لە گرتووخانەکانی ئەو ڕژێمەدان، هیچ تاوانێکیان نییە و بە شێوازی نایاسایی گیراون.
چاودێرانی سیاسی ڕایانگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر خۆڕاگریی حەماس تووشی شکست بووە و لە شەڕی وشکانیدا زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و بەمەش تۆڵە لە خەڵکی غەززە و کەسانی سڤیل دەکاتەوە./.