بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیلی کوهن وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە بوونی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش وەک ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەڕەشەیەک لە سەر ئاشتی جیهانی دادەنرێت.
هۆکاری توڕەبوونی زایۆنیستەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە سەر ڕەوشی غەززە نامەیەکی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە. نامەکەش بە پێی مادەی 99 ی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلەی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی کردووە.
لە مادەی 99 ی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە ئەمینداری گشتی دەتوانێت ڕا و بۆچوونی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر هەر بابەتێک کە هەڕەشە لە سەر ئاشتی جیهانی بێت، ڕابکێشێت تا هەنگاوی بەپەلە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە هەڵبگیرێت. لە مێژووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تا ئێستا 9 جار ئەو مادەیە بەکار هاتووە و لە ساڵی 2017 تا ئێستا کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش بووەتە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم جارە ئەو دەسەڵاتە بەکار دێنێت./.