بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش داواکاری 3 هەزار و 318 هاووڵاتی ئێرانی لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە، دادگای تایبەت بە دۆسیەی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە لقی 55 ی دادگای گشتی تاران (لقی تایبەت بە دۆسیە نێودەوڵەتییەکان) بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن زادە بەڕێوەچوو و پاش 3 دانیشتنی ئاشکرا، بڕیاری سزادانی حکومەتی ئەمریکا لەم دۆسیەیەدا دەرکرا.
دادگا لە دانیشتنەکانیدا تاوانەکانی 41 ئەمریکی بە تایبەت دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی پێشوو و برایان هوک بەرپرسی پێشووی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوە و هەروەها تاوانەکانی حکومەتی ئەمریکای لە دەرکردنی بڕیار و جێبەجێکردنی تاوانی تیرۆری شەهید سولەیمانی تاوتوێ کرد.
بە پێی بڕیاری دادگا ئێرانییەکە، حکومەتی ئەمریکا و دامەزراوە و کەسایەتییەکانی بەشدار لەو تاوانەدا بە گشتی بە 49 ملیار و 770 ملیۆن دۆلار سزا دراون. هەروەها لەو حکومەدا هاتووە کە پێویستە حکومەتی ئەمریکا و ئەو کەس و دامەزراوانە بە فەرمی داوای لێبوردن لە ئێران بکەن./.