بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی میگڵ دیاز کانڵ سەرۆک کۆماری کوبا و شاندی یاوەری، وتیان: هاوپەیمانی پێشنیارکراوی وڵاتانی هاوهەڵوێست لە بەرامبەر زۆربێژییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گرنگیدان بە هاوکارییە ئابورییەکان دەتوانێت لە پرسە جیهانییەکان بە تایبەت پرسی فەڵەستین، هەڵوێستێکی هاوبەش و کاریگەری هەبێت.
بەڕێزیان سەبارەت بە پرسی فەڵەستین وتیان: پرسی فەڵەستین تەنیا پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی غەززە و بۆردومانەکانەوە نییە لە بەر ئەوەی کە ئەم گەلە بە درێژایی 75 ساڵی ڕابردوو بەردەوام ڕوبەڕوی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و ئێش و ئازار و کوشتار بووەتەوە بەڵام لە ئێستادا کارەساتی غەززە هێندە گەورەیە کە ڕاستییەکانی بۆ ڕای گشتی جیهان ڕوونتر کردووەتەوە و دەرفەتی شاردنەوەی نییە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماری کوبایان لە پرسە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لە پرسی فەڵەستیندا بە هاوبەش لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و بە ئاماژە بە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، وتیان: دەبێت پەیوەندییەکانی ئێران و کوبا لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری زانستی زیاتر لە ڕابردوو بەهێزتر بکرێت و هیوادارین بە پێی ئەوەی کە کابینەکەی بەڕێز ڕەئیسی، کابینەی کار و چالاکییە، ڕێکەوتننامەکان بەرەوپێشچوونیان هەبێت و بگەنە قۆناغی جێبەجێکردن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی 22 ساڵ پێش ئێستای خۆیان لە گەڵ فیدل کاسترۆ ڕێبەری کۆچکردووی کوبا، وتیان: شۆڕشی کوبا و کەسایەتی بەڕێز فیدل کاسترۆ تەنانەت پێش شۆڕشی ئیسلامیش بۆ شۆڕشگێڕانی ئێران گرنگ بووە و هۆکارەکەشی ڕاستگۆیی لە هەڵوێستەکانی ئەوان بووە.
بەڕێزیان جەختیانکردەوە کە ” ڕاستگۆڕیی شۆڕشگێڕانە ” و ” جیدیبوونی شۆڕشگێڕانە “، خاڵی هاوبەشی شۆڕشەکانی کوبا و ئێرانە./.