زۆر بە داخەوە بۆ خیانەتکارانی عەرەب کە بەو هەموو کوشتارەی خەڵکی فەڵەستین لە لایەن زایۆنیستەکانەوە، فەرشی سووریان بۆ ئێسحاق هێرتزۆگ ڕاخست. ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی نەک تەنیا لەو کۆنفرانسەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بەشداریی کرد وتاریان هەبوو بەڵکوو لە گەڵ ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وتووێژیان کرد.
ئەو کاتەی کە چەندین سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستییان لە ئامێز گرتبوو، تەل ئەبیب دژایەتی خۆیی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە ڕاگەیاند و بۆردومان و هێرشە دڕندانەکانی دەستپێکردەوە، بە شێوەیەک کە تەنیا لە ڕۆژێکدا نزیکەی 200 فەڵەستینی شەهید بوون، واتە ئەو ڕۆژەی کە سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی لە دوبەی فەرشی سووری بۆ ڕاخرابوو.
هێرتزۆگ بە پێی دانپێدادانی زایۆنیستەکان، نوێنەری ئەو ڕژێمەیە کە 6000 بۆمب و مووشەکی بە سەر خەڵکی غەززەدا باراندووە کە کێشی ئەمانەش زیاتر لە 4000 تەن مادەی تەقەمەنی بووە و کێشی هەندێک لە بۆمبە سەنگەرشکێنەکان تەنیا 900 کیلۆیە، لە گەڵ ئەمەش بە هەزاران بۆمبی فسفۆڕی و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لە دژی دانیشتووانی کەرتی غەززە بەکار هاتووە کە زیاتر لە 15 هەزار کەسی شەهید و دەیان هەزاری دیکەشی بریندار کردووە و بە دەیان هەزاری دیکەش لە ژێر داروپەردوی ماڵە ڕووخاوەکانی غەززەدان و لە سەدا 70 ی شەهیدەکانیش لە منداڵان و ژنان پێکهاتوون.
ئەم خیانەتەی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت بن زاید سەرۆکی ئیمارات تاکەی بەردەوام دەبێت؟ پشتیوانی لە ڕژێمێکی منداڵکوژ و تاوانبار تاکەی؟ ئەویش لە کاتێکدا کە وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ فەڵەستینییەکان خاوەنی زمان و ئائین و کەلتور و مێژوویەکی هاوبەشن.
ئێسحاق هێرتزۆگ سەرۆکی ڕژێمە تاوانبارەکەی زایۆنیستی چی هەبوو کە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بیڵێت تا بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکات؟ ئەو کەشوهەوایەی کە ڕژێمی زایۆنیستی یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی پیسبوونیەتی لە ناوچەکە بە تایبەت لە غەززە. بەدەر لە کەشوهەواش، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکان، بەکارهێنانی چەکە کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراوەکان، بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکان، ڕێگری لە ناشتنی تەرمی شەهیدەکان، پچڕانی ئاو و کارەبا و ڕێگری لە گەیشتنی سووتەمەنی و خۆراک و دەرمان بۆ غەززە، گەورەترین تاوانی مرۆیی لە دژی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە کردووە و هەر ئێستاش بەردەوامە.
دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە ئەگەر ئامانجی کۆنفرانسەکەی دوبەی دابینکردنی ژینگە و کەشوهەوایەکی لەبارە بۆ ژیانی مرۆڤەکان، چ سوودێکی دەبێت لە کاتێکدا مرۆڤەکان بە تایبەت ژنان و منداڵانی غەززە لە بەرچاوی وڵاتانی جیهانەوە دەبنە قوربانی؟/.