بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڕیارە مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازی لە نێوان ڕووسیا، چین و ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا لە کەنداوی فارس بەڕێوە بچێت. شارەزایانی کاروباری سەربازی ڕایانگەیاندووە کە هاوکاری نێوان ئەم سێ وڵاتە بە یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانییە سەربازییەکانی جیهان دادەنرێت.
شەهرام ئێرانی فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیا و چین لەو مانۆڕە سەربازییەدا لایەنی سەرەکین و هەر لە وڵاتانی پاکستان، بەرازیل، عۆمان، هیندستان و ئەفریقای باشوریش بانگهێشت کراون و ڕایانگەیاندووە کە کەشتییە سەربازییەکانیان بەشداری لە مانۆڕەکەدا دەکەن.
شارەزایانی کاروباری سەربازی سەبارەت بەو مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەی مۆسکۆ، پەکین و تاران ڕایانگەیاندووە کە هاوپەیمانییەکی نوێی دژ بە ناتۆ بەرەو پێکهێنان دەڕوات. دەکرێت کۆریای باکور لەم سێ وڵاتە زیاد بکرێت. هاوپەیمانییەکی نوێی سەربازی لە جیهاندا دەبینین کە لە ڕووی چەک و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و ئەزموونی سەربازییەوە بە یەکێک لە بەهێزترینەکانی جیهان دادەنرێت.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە چین و ڕووسیا پێشتر لە سەر کردنەوەی سەنتەرێکی هاوبەشی زانستی بۆ پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای سەربازی گەیشتوونەتە ڕێکەوتن. ئێرانیش ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی سوخۆی 35 لە ڕووسیا وەردەگرێت. کۆریای باکوریش یەکەم مانگی دەستکردی خۆیی لە بواری سیخوڕیدا ڕەوانەی بۆشاییەکانی ئاسمان کردووە.
مانۆڕی سەربازی هاوبەشی دەریایی 2023 بە ئامادەبوونی هێزی دەریایی چین، ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران و بە ئامادەبوونی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە کۆتا ڕۆژانی ساڵی ڕابردووی کۆچی هەتاوی لە باکوری ئۆقیانوسی هیند بەڕێوەچوو.
ئێران لە درێژەی پیشاندانی هێزی خۆی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کەشتی سەربازی 1400 تەنیی بە ناوی ” دیلمان ” بە فەرمی خستە ئیشەوە کە توانای هاویشتنی مووشەکی کرۆزی هەیە.
ئەو کەشتییە سەربازییە 95 مەتر لە 11 مەترە و دەتوانێت لە یەک کاتدا زیاتر لە 100 ئامانجی دەریایی، درۆن، کۆپتەر، فڕۆکە و ژێر دەریایی دەستنیشان بکات./.