بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد هندی جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: ئاگربەستە کاتییەکەی غەززە و درێژکردنەوەی بۆ چەندین قۆناغی یەک یان چەند ڕۆژە، ڕێژەی کۆنتڕۆڵی مەیدانیی خۆڕاگری و هاوئاهەنگی لە نێوان لایەنەکانی سەلماندووە.
ناوبراو وتی: جیهادی ئیسلامی لە گەڵ بزوتنەوەی حەماس ڕۆڵی گرنگی لە ئاگربەستی کاتی و ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا هەبووە. ئێمە هەوڵی ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەین بەڵام ئاگربەستی کاتیمان بە هۆی ڕێخۆشکەری بۆ ئاڵوگۆڕی ژن و منداڵانی دیل و هەروەها وەک سەرەتایەک بۆ هاوکێشەی نوێ قبووڵ کرد.
ئەو بەرپرسەی جیهادی ئیسلامی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: دوژمن ئەمجارەش بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات و ئەمریکییەکان لەوە نیگەرانن کە لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ و زیاتربوونی تاوانی داگیرکاران نەتوانن دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. ڕژێمی زایۆنیستی کە لەوەدا شکستی هێنا یەکەم ئامانجی خۆی، واتە ئازادکردنی دیلەکان مسۆگەر بکات ناچار بە قبووڵکردنی ئاگربەستی 7 ڕۆژە کرا، زایۆنیستەکان سەرەڕای گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی سەربازی، نەیتوانی زیانەکانی سوپاکەی بشارێتەوە و بە ناچار پەنای بۆ ئاگربەستە کاتییەکە هێنا.
محەممەد هندی وتی: سەرەڕای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر غەززە، پێشبینی دەکرێت کە گوشارێکی نوێ بۆ ئاگربەستی دووبارە بێتە پێشەوە کە ئەوەش بە پێی دیاریکردنی ڕێوشوێنەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان دەبێت. لە ناوخۆی ڕژێمی زایۆنیستی لایەنێک بە سەرۆکایەتی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە داگیرکارە هەیە کە ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە. نتانیاهۆ و وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا دانیان بە شکستی خۆیان لە شەڕی زریانی ئەقسادا نەناوە و ئەو دوو کەسەن کە بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕیان داوە.
جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: لە هەفتەکانی ڕابردوو ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و کابینەکەی نتانیاهۆ زیاتر بووە و ئەوەش ناشاردرێتەوە. ئەمریکا لەوە نیگەرانە کە ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت دۆخی ناوچەکەی بۆ کۆنتڕۆڵ نەکرێت.
ناوبراو وتی: قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی سەربازە دیلەکان ئاڵۆزترە و کاتی زیاتری دەوێت، لە بەر ئەوەی کە ئامانجی ئێمە لەم قۆناغەدا ئازادکردنی تەواوی دیلەکانی فەڵەستینە لە گرتووخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی. ئێمە ئیدانەی دەستپێکردنەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەین و دڵنیایی دەدەین کە بە شەڕ و سەپاندنی زۆر ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات. خۆڕاگری بە هەموو هێزێکەوە لە گۆڕەپانەکەدایە تا وەڵامی داگیرکاران بداتەوە و زیانێکی زۆر بە سەر ئەواندا دەسەپێنێت و شکست بە پیلانەکانیان دەهێنێت.
محەممەد هندی لە کۆتاییدا وتی: کەتیبەکانی قەسام (باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس) و کەتیبەکانی قودس (باڵی سەربازیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی) بە هاوئاهەنگی و هاوکاری تەواو لە شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستیدان./.