بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دزینی تەرم و پارچەی جەستەی شەهیدانی فەڵەستین لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە بابەتێکی نوێ نییە، ئەو ڕژێمە دەیان ساڵە ئەم تاوانە دووبارە دەکاتەوە. عەبد ناسر فەروانە بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەکان و بەڵگەنامەکانی ئەنجومەنی گیراوان و ئازادکراوانی فەڵەستینی ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی هێشتا دەستی بە سەر تەرمی 400 شەهیدی فەڵەستینی و عەرەبی وڵاتانی دیکەدا گرتووە کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا شەهید کراون.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ڕیزی ئەو شەهیدانەی کە تەرمەکانیان لە لایەن زایۆنیستەکانەوە دەستی بە سەردا گیراوە، چەندین ناو دەبینرێت کە لە دەیەی 70 ی سەدەی ڕابردوو تا ساڵی 2023 شەهید کراون.
دزینی تەرمی شەهیدان و بوونی ئەو گۆرستانانەی کە تەنیا ژمارەکانیان لە سەر نووسراوە و بە گۆڕستانی ژمارەکان ناوبانگیان دەرکردووە و ڕێگریی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بینینی تەرمی شەهیدان لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە لە کاتی ڕادەستکردنی تەرمەکان، چەندین پرسیاری لە سەر ئەم هەڵسووکەوتەی زایۆنیستەکان هێناوەتە پێشەوە. بە لای هەندێکەوە ئەم هەڵسووکەوتەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سووکایەتیکردنە بە بنەماڵەی شەهیدان و هەروەها ئاڵوگۆڕی ئەوان بە گیراوان و تەرمی کوژراوانی زایۆنیست، بەڵام دواتر ڕوون بووەتەوە کە هۆکارەکەی زۆر مەترسیدارتر لەوەیە.
سەرەڕای ئەوەی کە لایەنە فەڵەستینییەکان ساڵانێکە ئەم تاوانە دڕندانەی زایۆنیستەکانیان ئیدانە کردووە بەڵام دەنگ و هاواری ئەوان تا ساڵی 2001 گرنگییەکی نەبووە، تا ئەوەی کە دوناڵد بوسترۆم پەیامنێر و توێژەری سویدی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە سەر دزینی پارچەی جەستەی شەهیدانی فەڵەستینی و فرۆشتنیان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە ئەم ڕاستییەی ئاشکرا کرد. ئەوە یەکەم جار بووە کە تاوانەکەی زایۆنیستەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا دەکرا.
دکتۆر مایر وایس مرۆڤناسی ئیسرائیلی لە کتێبێکدا بە ناوی ” لە سەر تەرمی مردووەکانیان ” ئاماژەی بە ئەنجامێکی هاوشێوە داوە. ناوبراو لەو کتێبەدا بە ئاماژە بە تاوانی دزینی پارچەی جەستەی شەهیدانی فەڵەستینی، ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 1996 تا 2002 بە مەبەستی توێژینەوە زانستییەکان لە ناوەندی توێژینەوەکانی پزیشکی دادی تەل ئەبیب ناسراو بە ئەبو کەبیر ئامادە بووە و لەوێدا بە چاوی خۆی ئەوەی بینیوە کە چۆن پارچەی جەستەی شەهیدانی فەڵەستینی دەدزرا.
یەهودا هیس بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی توێژینەوەکانی پزیشکی دادی ڕژێمی زایۆنیستی لە گرتە فیلمێکی بەڵگەییدا کە لە ساڵی 2009 بڵاو کرایەوە، دانی بە دزینی پارچەی جەستەی شەهیدانی فەڵەستین لەو ناوەندەی خۆی ناوە و ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەو کارانە بە نهێنی و بە دوور لە موڵەتی بنەماڵەی ئەو کەسانە کراوە.
ناوەندێکی تایبەت بە بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێی لە نزیک نەخۆشخانەی شیفای غەززە هەڵداوەتەوە و تەرمی شەهیدەکانیان بردووە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندەکە ڕایگەیاندووە کە پزیشکانی غەززە لە کاتی بینینی تەرمی بەشێک لە شەهیدەکان بەوە گەیشتوون کە چەندین پارچەی جەستەیان دزراوە.
یاسای نێودەوڵەتی جەختی لە سەر پێویستی ڕێزگرتن لە تەرمی کوژراوانی شەڕ و پاراستنیان کردووەتەوە. بە پێی کۆنوانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ، لایەنەکانی هەر شەڕ و پێکدادانێکی سەربازی دەبێت هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستن و ڕێگری لە زیان گەیاندن بە تەرمی کوژراوەکان بگرنەبەر بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، خۆی لە سەروی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەزانێت و سەرجەم یاساکان پێشێل دەکات. جیهان ئەم تاوانانە بە چاوی خۆی دەبینێت، بە تایبەت لەم شەڕەی غەززە کە زیاتر لە 15 هەزار کەسی بێ تاوان بە چەک و پشتیوانی ئەمریکا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە شەهید کران. هەر بۆیە پێویستە لە هەڵمەتێکی ئیسلامی و نێودەوڵەتیدا ئەم تاوانەی زایۆنیستەکان کە بە پشتیوانی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا دەکرێت، ڕیسوا و ئیدانە بکرێت./.