بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی دانیشتووانی غەززە، وتی: پێشێلکردنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی غەززە تەنیا چەند خولەکێک پاش سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بووە و دیسانەوە خەڵکی سڤیل، منداڵان و ژنان بوونەتە قوربانی سەرەکی هێرشە تاوانبارەکانی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.
ناوبراو ڕایگەیاند: خوێنمژانی زایۆنیست پاش کوشتاری زیاتر لە 15 هەزار فەڵەستینی، قۆناغی نوێی شەڕیان بە هاوکاری ئەمریکا دەستپێکردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە بانگەوازی ڕای گشتی و ئازادیخوازەکانی جیهان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و ڕاگرتنی شەڕ، وتی: بەڵام زایۆنیستەکانی تاوانبار و منداڵکوژ لە خەونی قەرەبووکردنەوەی شکستەکانیان، بە کوشتاری ژنان و منداڵان هەوڵی سەرکەوتن دەدەن.
کەنعانی وتی: ئاشکرایە کە بەرپرسیاریەتی سیاسی و یاسایی کوشتاری خەڵکی فەڵەستین، بەدەر لە تاوانبارانی زایۆنیست، دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و ئەو چەند وڵاتەی لایەنگری ڕژێمی ڕەگەزپەرستی زایۆنیستی./.