بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە تاران لە چوارچێوەی سیاسەتی بنەڕەتی خۆی سەبارەت بە دژایەتیکردنی هەر چەشنە دەسدرێژییەک و بەکارهێنانی زۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، داگیرکاری، ڕەگەزپەرستی و هەروەها بە هۆی سیاسەتی بەرپرسیارانەی لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ئاشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، درێژە بە پشتیوانییەکانی بۆ گەلی فەڵەستین دەدات.
ناوبراو وتی: لەم هەلومەرجەدا ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان، دەستەبەرکردنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە، ڕێگری لە دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە نیشتمانی خۆیان، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و پێدانی کارەبا و سووتەمەنییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: فەڵەستینییەکان ئازیزانی خۆیان لە دەست داوە و بە هۆی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە دانیشتووانی غەززە ماڵەکانیان ڕووخاوە و شوێنی مانەوەیان نەماوە، ئەمە بەڵگەیە لە سەر تاوانە دژە مرۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و هەر بۆیە پێویستە دادگاییکردنی سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە ببێتە ئامانجێکی بەپەلەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا لە داهاتوودا ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی تاوانەکان بکرێت./.