ملکچەبوونی بنیامین نتانیاهۆ بە ئاگربەستە کاتییەکەی غەززە و ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو لە سەرەتای هێرشەکانی سەر غەززە لە 7 ی تشرینی یەکەمەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تا ئامانجەکانی مسۆگەر نەبێت هیچ ئاگربەستێک ناکرێت.
گرنگترین ئامانجی نتانیاهۆ لە هێرشەکانی سەر غەززە، لەناوچوونی حەماس، گەڕانەوەی سەرجەم دیلەکان بە بێ هیچ ڕێکەوتنێک و هەروەها دەرکردنی دانیشتووانی غەززە بووە. بەڵام پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 50 ڕۆژ لە دەستپێکردنی هێرشەکان و ڕژانی دەیان هەزار تەن بۆمب بە سەر فەڵەستینییەکانی غەززە و شەهید و بریندار و بێسەروشوێنکردنی هەزاران کەسی سڤیل بە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و ڕووخانی زیاتر لە نیوەی خانووەکانی خەڵکی غەززە و ژێرخانەکانی ئەم ناوچەیە، لە ئاکامدا هیچ سەرکەوتن و دەسکەوتێکی لە مسۆگەرکردنی ئامانجە دیاریکراوەکانیدا نەبوو و بە ناچار مەرجەکانی حەماسی قبووڵ کرد. ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر شێوازی سێ بە یەک، واتە ئازادکردنی سێ دیلی فەڵەستینی لە بەرامبەر یەک دیلی زایۆنیست، ملکەچی مەرجەکانی بزوتنەوەی حەماس بوو.
نتانیاهۆ سەرەتا بانگەشەی ” نە بۆ ئاگربەست و نە بۆ ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ” ی دەکرد و هەوڵی ئەوەی دەدا کە کەڵک لە ئامرازی ئازادکردنی دیلەکان بۆ شەڕی دژ بە حەماس و لەناوبردنی وەربگرێت بەڵام بەم کارەی تەنیا خۆیی ڕوبەڕوی گوشاری زیاتری بنەماڵەی دیلە زایۆنیستەکان کردەوە کە دژی ئەو خۆپێشاندانیان دەکرد و بە بۆنەی گرنگینەدانی بە گیانی ئەو دیلانە سەرکۆنەی سیاسەتەکانیان دەکرد. لە لایەکی دیکەوە، لە ژێر گوشاری خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی غەززەدا بوو و بە ناچار لەو ئامانجانەی پاشەکشەی کرد، ئەڵبەت نەک بە هۆی پاراستنی گیانی دیلەکان، بەڵکوو بە هۆی ڕێگری لە ڕووخانی حکومەتەکەی، کە ئەگەر ئەمە ڕوو بدات ڕاستەوخۆ دەبێت بخرێتە گرتووخانەوە.
زۆربەی چاودێران لەو بڕوایەدان کە تەمەنی سیاسیی نتانیاهۆ کۆتایی هاتووە، نەک تەنیا بە هۆی شکستی لە شەڕی 48 ڕۆژەی غەززە، بەڵکوو بە هۆی لاوازبوونی لە پێشبینینەکردنی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس کە لە بەرواری 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ڕوویدا. ئەو ئۆپەراسیۆنەش پیشانیدا کە فەڵەستینییەکان بە تەنیا دەتوانن ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی شکست بکەنەوە و ئەمەش هەمان بابەتی گرنگە کە وڵاتانی ڕۆژئاوای وەک لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی نیگەرانی کردووەتەوە و گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەنجامدانی هەر تاوان و کۆمەڵکوژییەک بۆی هەڵکردووە.
ئەم دوو شکستە دۆسیەی سیاسیی نتانیاهۆ دادەخات و ئەمەش هۆکاری هەوڵەکانی ناوبراوە بۆ درێژەپێدان بە شەڕی غەززە. نتانیاهۆ خۆی لە دانوستانی ئاگربەستی کۆتایی و ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان دەدزێتەوە و دەزانێت کە قبووڵکردنی ئەم دوو مەرجە بە واتای شکستی کۆتاییە لە بەرامبەر حەماس و چیدی لێدوان و پاساوەکانی بۆ زایۆنیستەکان کڕیاری نابێت، لە بەر ئەوەی کە تا ئێستا سێ جار ئەوانی بێهیوا کردووە: سەرەتا کاتێک لە 7 ی تشرینی یەکەمدا ئەوانی بە تەنیا هێشتەوە، دووەم کاتێک کە لە مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی هێرشە دڕندانەکانی سەر کەرتی غەززە شکستی هێنا و سێهەم کاتێک مەرجەکانی بزوتنەوەی حەماسی قبووڵ کرد.
ئەبو عۆبەیدە وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام (باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس) ڕاستییەکانی ئاشکرا کردووە و لە 48 ەمین ڕۆژی شەڕەکەدا ڕایگەیاند کە ئەوەی لە سەری ڕێکەوتن کراوە، پێش هێرشی وشکانیی خۆڕاگری بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکان، لە لایەن حەماسەوە خراوەتەڕوو و ڕژێمی زایۆنیستی کە پشتی بە هێزی سەربازیی خۆی دەبەست، ئەو مەرجانەی ڕەتکردەوە.
ئەمەش پیشان دەدات کە نتانیاهۆ لە بەرامبەر مەرجەکانی حەماسدا خۆیی بە دەستەوەدا و وەک کەسێک هەڵسووکەوتی دەرکرد کە لە ترسی مردن پەنای بۆ خۆکوشتن بردووە. نتانیاهۆ هەوڵیدا بە پەنابردن بۆ شەڕ و شکستی حەماس، خۆی لە چارەنووسە ڕەشەکەی بدزێتەوە بەڵام لە بەرامبەر خۆڕاگریدا شکستی هێنا و ئاگربەستی قبووڵ کرد و دیسانەوە لە گەڵ ئەمریکای هاوپەیمان بە بیانووی دیکە درێژیدەکاتەوە و سەرجەم ئەمانەش لە ئاکامدا دەگەنە ڕووخانی کابینەکەی و سڕینەوەی هەمیشەیی لە گۆڕەپانی سیاسی./.