بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی تەل ئەبیب دەیەوێت بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا ئاسمانییە بیانییەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان بەڵێنی دارایی بەوان بدات.
کۆمپانیا ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانیش دەیانەوێت داوا لە وەزارەتی دارایی ڕژێمی زایۆنیستی بکەن ئەو بەڵێنە وەک بیمەی دارایی بێت تا گەشتەکانیان بۆ ناوچە داگیرکراوەکان دەست پێبکاتەوە.
چەندین کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییەوە لە ڕۆژانی ڕابردوو نوێنەرانی خۆیان ناردووەتە تەل ئەبیب و سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەن کە چۆن مافی خۆیان دەستەبەر بکەن تا بتوانن گەشتەکانیان دەست پێبکەنەوە.
میدیا زایۆنیستەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو کۆمپانیانە داواکارییەک بۆ دەستەبەرکردنی بیمەی دارایی ڕادەستی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل دەکەن.
لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بزوتنەوەی حەماس بە ناوی زریانی ئەقسا تا ئێستا، هەزاران گەشتی ئاسمانی بە ئامانجی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە وڵاتانی دەرەوە هەڵوەشاوەتەوە.
کێشەکە هێندە جیدییە کە سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی داوای لە کۆمپانیا بیانییەکان کردووە بە ئامانجی پاراستنی پەیوەندییە ئابورییەکان، گەشتەکانیان دەست پێبکەنەوە.
سەرەڕای ئەمەش، چاوەڕوان ناکرێت تا شەڕی غەززە بەردەوام بێت گەشتە ئاسمانییەکان بەرەو تەل ئەبیب و شارەکانی دیکەی ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی ببێتەوە./.