بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایا ئەم ڕژێمە وەک هەر حکومەتێکی ئاساییە، یان وەک چۆن کە بەردەوام باس کراوە ئیسرائیل شتێک نییە بەدەر لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە دڵی جیهانی ئیسلام کە بە بێ پارە و چەکی ئەمریکی بەردەوام نابێت؟
شەڕی غەززە بە تایبەت ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەوەی پیشاندا کە ڕژێمی زایۆنیستی قەوارەیەکی سیاسی و حکومەتێک وەک حکومەتەکانی دیکەی جیهان نییە بەڵکوو هێمای زوڵم و ستەمی ڕاستەوخۆی ئەمریکی لە وڵاتێکی پیرۆزی عەرەبی و ئیسلامییە.
ڕاپۆرتێکی سەنتەری توێژینەوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی لە ساڵی 1948 تا سەرەتای ساڵی 2023 زیاتر لە 300 ملیار دۆلار هاوکاری ڕژێمی زایۆنیستیی کردووە، تەنانەت ئەمریکا ئەو بڕە پارەیەی بۆ ویلایەتەکانی خۆی تەرخان نەکردووە.
پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کاتی دامەزراندنی ئەم ڕژێمە داگیرکارە لە ساڵی 1948 دەگەڕێتەوە، بە بیانووی ئامانجە ستراتیژییە هاوبەشەکان و پابەندبوونی بەرامبەر بە بەها دیمۆکراسییەکان، کە ئەمەش گاڵتەجاڕییەک زیاتر نییە.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە هاوکاریکردنی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئەمریکا بە یاسا دادەنرێت و ئەم یاسایە بەرپرسانی حکومەتی واشنتن پابەند دەکات کە بۆ زاڵبوونی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە پەنا بۆ هەر هەنگاو و هاوکارییەک ببەن.
بۆ نموونە، ئەمریکا لە ساڵی 2011 تا سەرەتای ساڵی 2023 نزیکەی 3 ملیار دۆلار بۆ کڕینی مووشەکەکانی گومەزەی ئاسنین، لە ساڵی 2006 نزیکەی 2 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری مووشەکیی فلاخن داود و 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری مووشەکیی ئارۆ – پەیکان، هاوکاری تەل ئەبیبی کردووە.
ئەم ڕژێمە تەنیا ڕژێمێکی جیهانە کە 50 فڕۆکەی ئێف – 35 ی لە لایەن ئەمریکاوە بە بێ هیچ پارە و تێچوویەک پێدراوە و تێچووەکەشی لە سەر ئەو باج و سەرانەیە کە ساڵانە لە دانیشتووانی ئەمریکا وەردەگیرێت.
پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس، ئەمریکا بەو ڕاستییە گەیشت کە بنکە سەربازییەکەی بە ناوی ئیسرائیل لە ناوچەکە سەرەڕای ئەو هەموو هاوکارییە سەربازییە کە کراوە، ناتوانێت لە بەرامبەر هێزەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین بەرگە بگرێت.
بەم هۆیەوە جۆبایدن سەرۆک کۆمار، ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوە و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا بەپەکە خۆیان گەیاندە تەل ئەبیب، وەک بڵێی ئەوە هێرشەی کراوەتە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی نزیک کەرتی غەززە، لە دڵی واشنتنی داوە. ئەوان پردێکی ئاسمانییان بۆ گواستنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە و تەل ئەبیب لە ماوەی چەندین کاتژمێردا بڕی 2 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنیی وەرگرت.
واشنتن تەنانەت بڕی 14 ملیار دۆلار هاوکاری بەپەلەی دایە ڕژێمی زایۆنیستی بە بیانووی دۆزینەوەی بارمتە ئەمریکییەکان لە کەرتی غەززە.
بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بەم هەموو چەک و کەرەستەی سەربازی و هاوکارییەوە، لە بەرامبەر گەنجانی غەززە کە بە بێ تانک و فڕۆکە و تۆپخانە و تەنیا بە هەندێک چەکی سووک و سەرەتاییەوە شەڕ دەکەن، ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە کە ئەمەش پیشاندەری لاوازبوونی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕووخانی ورەی شارۆچکەنشینەکانە./.