بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دابەزینی ڕێژەی بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە لایەن دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینەوە پیشاندەری قووڵایی قەیرانی ئابوری ڕژێمی زایۆنیستییە.
لە شاری ئیلات (ناوەکەی پێش داگیرکاری ئەلڕەشڕاش بووە) کە بە سەقامگیرترین شوێنی ڕژێمی زایۆنیستی دەناسرا و پەناگەی دەیان هەزار زایۆنیستە کە لە باکور و باشوری ناوچە داگیرکراوەکانەوە هەڵهاتوون، ڕێژەی بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە شەشەم هەفتەی شەڕی غەززە لە سەدا 40 دابەزیوە.
ئامارەکانی کۆمپانیای SBA کە سیستەم پێدانی پارە بە کارتە بانکییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان بەڕێوە دەبات، پیشان دەدات کە ڕێژەی بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە تەل ئەبیب وەک ناوەندی ئابوریی ڕژێمی زایۆنیستی، لە هەفتەی شەشەمی شەڕی غەززە لە سەدا 21 دابەزیوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە شارۆچکە زایۆنیست نشیەکانی سەدیرۆت و کریات شەمونە لە سنورەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە گەڵ کەرتی غەززە، بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان تا لە سەدا 80 دابەزیوە کە ئەڵبەت ئەمەش بۆ چۆڵکردنی ئەو شارانە بە هۆی ترسیان لە مووشەکەکانی خۆڕاگری دەگەڕێتەوە.
قەیرانی دارایی لە تەل ئەبیب
ماڵپەڕی عبری زمانی کالکالیست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بەوەی چۆن تەل ئەبیب (پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی) کە بە شارێکی بەهێز لە ڕووی ئابورییەوە بۆ ئەو ڕژێمە دادەنرێت، لە بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان دواکەوتووە، چەندین هۆکاری هەیە: یەکەم ئەوەی کە تەل ئەبیب ناوەندێکی بازرگانییە و زۆربەی نووسینگەکانی کاروباری بازرگانی هێشتا بۆ حاڵەتی ئاسایی نەگەڕاونەتەوە و زۆربەی فەرمانبەرانیش لە ماڵەکانیانەوە درێژە بە چالاکی و ئیش و کاری خۆیان دەدەن.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: هۆکاری دووەم ئەوەی کە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و زانکۆکان لە تەل ئەبیب هێشتا ساڵی نوێی خوێندنیان دەستپێنەکردووە و کەرتی گەشتیاری کە لە ڕووی ئابورییەوە بۆ تەل ئەبیب زۆر گرنگە، چالاکییەکانی پەکخراوە و هۆکاری سێهەم ئەوەی کە بەشە جیاجیاکانی ئابوریی تەل ئەبیب بە ترس و نیگەرانییەوە لە داهاتوو دەڕوانن.
کالکالیست ڕایگەیاندووە شاری ئیلات کە پشت بە داهاتەکانی کەرتی گەشتیاری دەبەستێت لەم شەڕەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەگەرچی گەشتیارانی ناو هوتێل و میوانخانەکانی ئیلات هێشتا زۆرە بەڵام گەشتیاری بیانی نین و ئەو کەسانەن کە لە شارۆچکە زایۆنیست نشینەکانی ناوچە سنورییەکانی باکور و باشورەوە هاتوونەتە ئەم شارە.
سەرۆکی شارەوانی ئیلات بەم ماڵپەڕەی ڕاگەیاندووە کە قەیرانێکی جیدیی ئابوری لە شارەکە سەرهەڵدەدات و هێماکانی لە سەرجەم بەشە ئابورییەکاندا بەدی دەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە چالاکییە ئابورییەکان بۆ وەرزی زستانی 2023 – 2024 لە دەستچووە و سەرجەم ڕووداوە گەورەکان، کۆنفرانسەکان، فێستیڤاڵەکان و بانگهێشتەکان تا مانگی شوباتی 2024 هەڵوەشاونەتەوە.
شاری ئیلات لە باشوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە چەند هەفتەی ڕابردوو بووە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی هێزەکانی خۆڕاگری بە تایبەت ئەنساروڵڵای یەمەن./.