بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ڕیزی گەورەترین هاوردەکارانی چەکی جیهاندان و بودجەی سەربازیی ئەوان بەشێک لە بودجەی گشتییان پێک دێنێت. هێرشەکەی ئەم دواییەی حەماس و وەڵامدانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی وایکردووە کە ئەو وڵاتانە هەست بە سەقامگیری نەکەن و بەم هۆیەوە ڕوویان هێناوەتە کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی و سەرچاوەی کڕینی چەکیشیان جۆربەجۆر کردووە.
شارەزایانی کاروباری ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە سعوودیە و ئیمارات ئەو دوو وڵاتەن کە زیاترین بەرزکردنەوەی ڕێژەی کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازییان هەبووە.
سعوودیە پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی و پلەی دووەمی وڵاتانی جیهانی لە پاش هیندستان لە کڕینی چەکدا هەیە و بودجە سەربازییەکەی لە ساڵی 2023 لە سەدا 6.4 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 69 ملیار دۆلار کە دەکاتە لە سەدا 30 ی بودجەی گشتی ئەو وڵاتە.
لە سەدا 61 ی چەکەکانی سعوودیە لە ئەمریکا و لە سەدا 23 ی لە بەریتانیاوە دابین دەکرێت.
حکومەتی ئیماراتیش بە فەرمی بودجە سەربازییەکەیی ئاشکرا نەکردووە بەڵام ڕاپۆرتی چەندین سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەکان باس لەوە دەکەن کە ئیمارات دووەم وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ڕووی تێچووە سەربازییەکانەوە لە پاش سعوودیە و لە سەدا 35 ی چەکەکانی لە ئەمریکا و لە سەدا 28 ی دیکەی لە فەرەنساوە دابین دەکات.
قەتەر بە سێهەم وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی بودجەی سەربازییەوە دادەنرێت کە بڕی 13 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بووە.
کوێت لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لە ڕووی تێچووی سەربازییەوە و لە بودجەی ساڵی 2023 ی خۆیدا 12 ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 4.1 زیادی کردووە و بودجە سەربازییەکەی لە سەدا 12 ی کۆی گشتی بودجەی ئەو وڵاتە لە خۆ دەگرێت. کوێت لە سەدا 34 ی چەکەکانی لە ئەمریکا و لە سەدا 22 ی دیکەی لە فەرەنساوە دابین دەکات.
عۆمان لە پلەی پێنجەمدایە و لە بودجەی ساڵی 2023 ی خۆی بڕی 11 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینە سەربازییەکان داناوە و ئەمەش لە سەدا یەک کەمترە لە ساڵی ڕابردوو. ئەم بڕە پارەیە لە سەدا 15 ی بودجەی عۆمان لە خۆ دەگرێت و لە سەدا 37 ی چەکەکانی لە بەریتانیا و لە سەدا 16 ی لە ئەمریکاوە دابین دەکات.
بەحرەین پلەی شەشەم و کۆتایی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارسی لە ڕووی بودجەی سەربازییەوە هەیە و بە پێی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی 2 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی پێداویستییە سەربازییەکان تەرخان کردووە کە بەراورد بە ساڵی 2022 لە سەدا 3.8 بەرزبوونەوەی هەبووە و لە سەدا 13 ی بودجەی ئەو وڵاتە لە خۆ دەگرێت.
نەبیل ئەلخوری شارەزای کاروباری ئابوریی سیاسی و مامۆستای زانکۆی ئەمریکی بەیروت سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس لە پێگەیەکی جیۆپۆلتیکی هەستیاردان، وێڕای ئەوەی کە وەبەرهێنانی نەوت و غازی ئەوان بۆ جیهان گرنگییەکی زۆری هەیە و بۆ ئەمەش پێویستیان بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری خۆیان هەیە و ئەم پێویستییە بە ڕەچاوکردنی شەڕی غەززە زیاتر بووە.
پێشتریش سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکانی واشنتن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس ڕوبەڕوی چەندین کێشەی ئەمنی بوونەتەوە و یەکێک لەوانەش پەیوەندی بە کێشەی دەیان ساڵەی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و فەڵەستینییەکانەوە هەیە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەن هێزی سەربازی و ئەمنیی خۆیان زیاتر بکەن./.