بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و هیندستان لەم ماوەیەدا بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 33 دابەزیوە. کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هیندستان لە 9 مانگی سەرەتایی ساڵی 2022 زیاتر لە یەک ملیار و 983 ملیۆن دۆلار بووە.
دابەزینی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هیندستان لە سەرەتای ساڵی 2023 بە گشتی بۆ دابەزینی هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ ئێران دەگەڕێتەوە. هەناردەی هیندستان بۆ ئێران لە مانگەکانی کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2023 لە سەدا 43 دابەزیوە و گەیشتە 859 ملیۆن دۆلار. هیندستان لە 9 مانگی سەرەتایی ساڵی ڕابردوو یەک ملیار و 510 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبوو.
هاوردەی هیندستان لە ئێران لە 9 مانگی سەرەتایی ساڵی 2023 لە سەدا 2 دابەزیوە و گەیشتە 465 ملیۆن دۆلار. ساڵی ڕابردوو لە ماوەی هاوشێوەدا هاوردەی هیندستان لە ئێران 473 ملیۆن دۆلار بووە.
برنج زیاترین بەشی هەناردەی هیندستان بۆ ئێران لە 9 مانگی سەرەتایی ئەمساڵ بووە و لە سەدا 63 ی کۆی گشتی هەناردەی بۆ ئێران لە خۆ گرتووە. میوە بە 39 ملیۆن دۆلار و چا بە 22 ملیۆن دۆلار لەم ماوەیەدا لە پلەکانی دووەم و سێهەمدا ناویان هاتووە.
بەرهەمە نەوتییەکانیش گەورەترین هاوردەی هیندستان لە ئێران لە 9 مانگی سەرەتایی ساڵی 2023 بووە و ڕێژەکەی 179 ملیۆن دۆلار بووە. مادە سەرەتاییەکانی وەبەرهێنانی ڕەنگ بە 131 ملیۆن دۆلار و میوە بە 77 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی دووەم و سێهەمدا بوون./.