بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی بە دۆستانە، مێژوویی و لە سەر بنەمای دراوسێبوون، پیرۆزییە ئائینی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ناو برد و پتەوکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرەی لە بوارە سیاسی و ئابوری و کەلتورییەکاندا بە گرنگ زانی.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ئێران و تورکیای بە دوو وڵاتی کاریگەری جیهانی ئیسلام ناو برد و هیوای خواست کە هاوکارییە هاوبەشەکانی هەر دوو وڵات ببێتە نموونەیەک بۆ پەیوەندی و هاوکاری نێوان وڵاتانی ئیسلامی.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمریکا بکوژی خەڵکی غەززەیە و مافی دەستێوەردان و بڕیاردانی لە سەر داهاتووی ئەم ناوچەیە نییە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هاودەستی و بەشداریی ئەمریکییەکان لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە، جەختی لە سەر ڕیسوابوونی حکومەتی ئەمریکا لە ڕوانگەی ڕای گشتی جیهانەوە کردەوە و وتی: ئەمڕۆ خەڵکی غەززە لە ڕێگای حەماسەوە وەک حکومەتێکی پێکهێنراو بە دەنگی گشتی و یاسایی، دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و لە سەر داهاتووی ئەم ناوچەکە بڕیار بدەن و ئەمریکا نەک تەنیا مافی دەستێوەردان و بڕیاردانی نییە، بەڵکوو هەر هەوڵێکی لەم پێناوەدا تووشی شکست دەبێتەوە./.