بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی هەواڵنێری کومیسیۆنی ئەورووپا(یۆرۆ ستارت) هەواڵی لە هەناردەی 67 ملیۆن یۆرۆیی فستقی ئێران بۆ یەکێتی ئەورووپا دەکات لە 9 مانگەی یەکەمی ساڵی 2023ێدا، کە ئەو ڕێژەیە بەراوەرد بە کاتی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 29لەسەد دابەزیوە. هەناردەی فستقی ئێران بۆ ئەورووپا لە کاتی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 95 ملیۆن یۆرۆ بووە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، پاش ئەمریکا، ئێران لە مانگی کانوونی دووهەمەوە تا ئەیلوول، دووهەمین هەناردەکاری فستقی بووە بۆ ئەورووپا. ئەمریکا لەو خولەدا 439 ملیۆن یۆرۆ فستقی بۆ ئەورووپا هەناردە کردووە کە لە چاو ساڵی ڕابردوو 17لەسەد دابەزینی بەخۆوە دیوە، ئەمریکا لە 9 مانگەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو 529 ملیۆن یۆرۆ فستقی هەناردەی ئەورووپا کردبوو.
ئەڵمانیا وەکوو گەورەترین کڕیاری فستقی ئێران لە ئەورووپا دێتە ئەژمار و لە درێژەی ئەو 9 مانگەی کە ئاماژەی پێدرا 70 لەسەدی فستقی هەناردەی ئێران بۆ ئەورووپا گەیشتووەتە ئاڵمانیا.
لە لایەکی تریشەوە ئامارەکانی گومرکی چین پیشان ئەدات، کە ئەو وڵاتە لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2023 بڕی 20 ملیۆن دۆلار فستقی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.