بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەردانی لوبنانی کردووە، لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین وتی: ئەگەر ئاگربەستی غەززە درێژەی نەبێت، بەردەوامی شەڕ و دەسدرێژییەکانی لە دژی خەڵک، هەلومەرجێکی نوێ دێنێتە پێشەوە و هەلومەرجەکەش وەک پێش ئاگربەست نابێت و شەڕەکە پەرە دەستێنێت.
ناوبراو وتی: هەر ئەگەرێک بۆ پەرەسەندنی شەڕەکە لە ئارادایە، دەبێت ڕاگرتنی شەڕ بەردەوام بێت و پرۆژە سیاسییەکان مافەکانی گەلی فەڵەستین لە بەرچاو بگرێت، لەم پرسەشدا خەڵکی فەڵەستین و بە تایبەت غەززە بڕیار بە دەستن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەمریکییەکان لە چەندین پەیامدا داوایان لە ئێران کردووە کە ڕێگری لە شەڕی گرووپەکانی خۆڕاگری لە یەمەن، سوریا، عێراق و لوبنان لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی بکات بەڵام پێی ڕاگەێندراوە کە ئەگەر ئەمریکا هەوڵی ڕاگرتنی شەڕ دەدات دەبێت بە کردەوە ئەمە بسەلمێنێت نەک ئەوەی کە پشتیوانی لە تەل ئەبیب بکات.
وتیشی کە چارەسەری سەرەکی کێشەی فەڵەستین لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەرتاسەری لە نێوان دانیشتووانی ڕەسەنی فەڵەستین بە موسڵمان و مەسیحی و جولەکەیە و دەبێت ئەم دەرفەتە بە تەواوی فەڵەستینییەکان بدرێت تا خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن./.