بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی نائاسایی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی بریکس وەک پاڵپشتییەک لە خەڵکی غەززە، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە گەورەترین هەڕەشە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دادەنرێت.
ناوبراو وتی: ئەمریکا لە کوشتاری زیاتر لە 14 هەزار کەسی بێ تاوانی غەززە بە تایبەت 5500 منداڵی ئەم ناوچەیە بە پاڵپشتییەکی تەواو لە ڕژێمی زایۆنیستی، هاوبەشی تاوانەکانی ئەو ڕژێمەیە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا وەک زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەک دەدەنە ڕژێمی زایۆنیستی و هاوکات دژایەتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش دەکەن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمریکا لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی سەرجەم ڕێگاکانی هاوکاریکردنی خەڵکی غەززەی داخستووە و ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بێ کاریگەر کردووە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: غەززە بووەتە ئەزموونی گەورەی ئیرادەی وڵاتانی سەربەخۆ بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی لە سەر بنەمای مرۆڤایەتی و دادپەروەری./.