بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی دەزانێت کە دوا هەناسەیە لە بواری سیاسیدا و بەم هۆیەوە دەیەوێت ناوچەکە بەرەو شەڕێکی سەرتاسەری ببات.
یائیر لاپید لە نەیارانی نتانیاهۆ و سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی داوای لادانی نتانیاهۆ و پێکهێنانی کابینەی نوێی کردووە، ئەو ڕایگەیاندووە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کەسێکی متمانەپێکراو نییە.
لاپید ڕایگەیاندووە کە خۆپێشاندانی بنەماڵەی دیلە زایۆنیستەکانی لای حەماس و توڕەیی ئەوان لە نتانیاهۆ و هەروەها گۆڕینی هەڵوێستی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تەل ئەبیب بە تایبەت سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کێشەی بۆ ئیسرائیل خوڵقاندووە.
هەرچی لە ئاگربەست یان کۆتایی شەڕی غەززە نزیک دەبینەوە، بەو ڕێژەیەش کاتژمێرە چارەنووسسازەکانی نتانیاهۆ نزیک دەبێتەوە و لەم ڕووەشەوە واشنتن و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن ڕێگری لە هەر هەنگاوێکی دیکەی ناوبراو بکەن کە کاریگەرییەکانی بەرۆکی هەمووان دەگرێت.
ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی موڵەتی دوو یان سێ هەفتەی بۆ شەڕی غەززە دیاری کردووە، پێش ئەوەی کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تەل ئەبیب بگاتە لوتکە، پیشاندەری زەنگی مەترسییە لە سەر کابینەی ئێستای ئەو ڕژێمە.
هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت کە لەم ماوەیەدا ئاستی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی فەڵەستینییەکان بەرزتر ببێتەوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە حەماس نتانیاهۆی تووشی گێژاوێک کردووە و لەوەدا سەرکەوتوو بووە گیانێکی دیکە بە پرسی فەڵەستین ببەخشێت./.