بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە لایەکی دیکەوە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی کاتی و داگیرکاری زایۆنیستی پێی وایە کە کاریگەرییەکانی شکست و سەرکەوتنی شەڕی ئێستای غەززە زیاتر لە ئیسرائیل دەبێت. ناوبراو لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییەی لە گەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاندبوو کە ” ئێمە دەبێت سەرکەوتن بە دەست بێنین تا ئیسرائیل بپارێزین، ئێمە دەبێت بۆ پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتن بە دەست بێنین، ئێمە دەبێت بە بۆنەی جیهانی شارستانییەوە سەرکەوتوو بین، ئەمە شەڕێکە کە ئێمە سەرقاڵین تێیدا و هیچ جێگرەوەیەک بۆ سەرکەوتن نییە “.
جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بە شێوازێکی دیکە هەر ئەم لێدوانەی هەبووە و ڕایگەیاندووە کە ” ئیسرائیل تەنیا و گەورەترین هاوپەیمان و هێزی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاسایشی ئەمریکا و ئیسرائیل لێک جیا ناکرێنەوە “.
گاڵانت وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ” حەماس دەبێت شکست بێنێت، بە پێچەوانەی ئەمە ئیسرائیل لەم جوگرافییەی ئێستا بوونی نابێت “.
توماس فریدمەن کەسایەتی ناسراوی بواری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش لە میانەی وتارێکی لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندبوو کە ” شکستی ئیسرائیل ڕەنگە بگاتە کەوتنی سەرجەم هاوپەیمانان و بەسراوەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا “.
لێرەدا چەندین خاڵی گرنگ هەیە:
1 – لە ڕاستیدا نتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ فۆکس نیوز هۆشداری بە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەدات کە شکستی ئیسرائیل لە شەڕی ئێستا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ستراتیژی سەرەکی و سیاسەتی بنەڕەتی ڕۆژئاوا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێت موڵەتی ئەوە نەدرێت ئیسرائیل لە شەڕی غەززە ڕوبەڕوی شکست ببێتەوە. پاش شەڕی جیهانیی دووەم، ستراتیژی بنەڕەتی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا پاراستنی زاڵبوونیانە بە سەر دەسەڵات و سەرچاوەکانی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش لە ڕێگای بنکەیەکی دڵنیاکەرەوە و ڕژێمی زایۆنیستیش بەم ئامانجە لە لایەن ئەوانەوە دامەزرا و بۆ هەمیشە پشتیوانی کرا و بووەتە بابەتێکی نەگۆڕی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
لەو سەردەمەدا ئەرک و ڕاسپاردەیەک کە بە زایۆنیستەکان درا، زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی جولەکە لە فەڵەستین بوو و لەم ڕووەشەوە ئاژانسی جولەکە لە کاتێکدا کە بۆ جێگیربوون لە فەڵەستین ڕوبەڕوی کێشەی سەرەکی بوو و ئاسۆیەکی لە بەردەمەدا بەدی نەدەکرا، درووشمی حکومەتی نیل تا فۆرات یان بە واتایەکی دیکە زاڵبوون بە سەر تەواوی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیای ڕاگەیاند و وڵاتانی ڕۆژئاواش لەم ئاستەدا ڕژێمی زایۆنیستییان بە فەرمی ناسی و بۆ مسۆگەربوونی ئەم ئامانجەش بەردەوام هەوڵیانداوە.
لە ئێستادا نتانیاهۆ ئەوەی وەبیری وڵاتانی ڕۆژئاوا هێناوەتەوە کە ئیسرائیل بۆ چی دامەزراوە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوا دامەزراوە و مانەوەشی بەندە بە سەرکەوتن لە شەڕی ئێستای غەززە. خاڵی گرنگ لەمەدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەم هۆکارە و پێنج هەفتە پێش چاوپێکەوتنەکەی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ فۆکس نیوز، بە شڵەژاوی سەردانی تەل ئەبیبیان کرد تا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخەکە بکەن و بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ بدەن.
لە ڕاستیدا نتانیاهۆ لەو چاوپێکەوتنەدا و پاش پێنج هەفتە لە شەڕی غەززە دانی بەوەدا ناوە کە پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دۆخەکەی لە بەرژەوەندی تەل ئەبیب نەگۆڕیوە و کەوتنی ئیسرائیل وەک ئەگەرێک ماوەتەوە. هەر بۆیە ناوبراو زۆر بە پێویستی دەزانێت هاوکاری و پشتیوانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەراورد بە پێنج هەفتەی ڕابردووی شەڕەکە زیاتر بکرێت.
2 – ڕاستییەکە ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی تووشی کێشەی جیدی بوون. کێشەکەش ئەوەیە کە پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا باس دەکرێت، بە هۆی شکستە بەردەوامەکانی تەل ئەبیب و نەفرەتی وڵاتانی ناوچەکە لەم ڕژێمە بووەتە دوو بابەتی دژ بە یەک. ئەگەرچی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕژێمی زایۆنیستییان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دامەزراندووە تا بۆ هەمیشە زاڵبوونیان بە سەر ناوچەکەدا دەستەبەر بکرێت، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخی ڕژێمی زایۆنیستی و دۆخی ناوچەکە بە گشتی بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئەو وڵاتانەیە و ئێستا دۆخەکە بە شێوازێکە کە هەر چی پشتیوانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر دەبێت، بەرژەوەندییەکانیان زیاتر لە ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
لە ئێستادا ڕژێمی زایۆنیستی لە ” چارەسەرێکی خوزراو ” بووەتە ” کێشەیەکی ستراتیژی ” بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەم هۆیەوە ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانی باڵای ئەمنی لەو وڵاتانە هۆشدارییان داوە کە پشتیوانیکردنی سیاسەتەکانی نتانیاهۆ لە شەڕی غەززە دەبێتە هۆی زیاتربوونی کێشەکانی ڕۆژئاوا. ” توماس فریدمەن ” لە نیۆیۆرک تایمز بەرامبەر بە بایدن ئەوەی نووسیوە کە ” ئێمە نابێت خۆمان لە بەرامبەر ستراتیژەکەی نتانیاهۆ بە دەستەوە بدەین، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری کەوتنی سەرجەم هاوپەیمانان و بەسراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە “.
ڕۆژئاوا لە ماوەی 7 دەیەی ڕابردوو، سیاسەتەکانی خۆیی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تەواوی ئیسرائیلی کردووە و هەموو شتێک لە چاوی زاڵبوونی ڕژێمی تەل ئەبیبەوە دەبینێت. لە ماوەی ئەم 7 دەیەدا لانیکەم 34 پرۆژەی گشتی بۆ زاڵبوون و بەردەوامبوونی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە خراوەتەڕوو بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە ئێستادا خوێندنەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە مانەوە و بەهێزبوونی ئیسرائیل نەبووەتە هۆی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە. لە ڕاستیدا ئەم بابەتە کاریگەریی لە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت گەلانی ئەو وڵاتانە داناوە و ئەمەش بووەتە هۆکاری توڕەبوونی بنیامین نتانیاهۆ.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام ئەنجامی ڕاپرسییەکانی تایبەت بە ڕژێمی زایۆنیستی بڵاو دەبێتەوە و هەموو ئەوانەش گوزارشت لە ڕاستییەک دەکەن کە ڕێژەی پشتیوانی گەلانی ڕۆژئاوا بۆ تەل ئەبیب ڕووی لە دابەزین کردووە. بۆ نموونە، لە ڕاپرسییەکدا هاتووە کە تەنیا لە سەدا 32 ی ئەمریکییەکان پشتیوانی لە سیاسەتەکانی بایدن لە بەرامبەر ئیسرائیل دەکەن، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە دوو هەفتەی ڕابردوو لە سەدا 41 بووە. تەنانەت لە سەدا 39 ی ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە کە وڵاتەکەیان دەبێت لە شەڕی ئێستای غەززە بێلایەن بێت، لە کاتێکدا کە دوو هەفتە بەر لە ئێستا و لە ڕاپرسییەکی دیکەدا تەنیا لە سەدا 27 ی ئەمریکییەکان وەها داواکارییەکیان هەبووە. هەروەها لەو ڕاپرسییەدا لە سەدا 68 ی ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئیسرائیل دەبێت لە جێی شەڕ، لە گەڵ حەماس دانوستان بکات و لە سەدا 69 ی ئەوان دژی ئەوە بوون ئەمریکا چەک ڕەوانەی ڕژێمی زایۆنیستی بکات.
3 – دابەزینی ئاستی پشتیوانی ڕای گشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕژێمی زایۆنیستی بە شێوازی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی مەیدانیی شەڕەکەوە هەیە. ئەم ڕەوتە و داواکارییەکەی نتانیاهۆ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ هاوکاری زیاتر، پیشاندەری گەیشتنی تەل ئەبیبە بە بنبەستی سەربازی لە غەززە. باس لەوە دەکرێت کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پێشتر ئەوەیان بە نتانیاهۆ ڕاگەیاندووە کە تەنیا دوو هەفتە کاتی بۆ سەرکەوتن لە شەڕی غەززەدا هەیە و پاش ئەوە هیچ چارەیەکی بەدەر لە دانوستان نابێت.
ئێستا دوو هەفتەکە کۆتایی هاتووە و نتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ فۆکس نیوز بەردەوام ڕایدەگەیاند کە ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن، پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە. نتانیاهۆ لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی وشکانی لە دژی غەززە سێ ئامانجی ڕاگەیاندبوو: لەناوبردنی حەماس، ئازادکردنی دیلەکان و گۆڕینی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری غەززە و بە واتایەکی دیکە دەرهێنانی ئەم ناوچەکە لە ژێر دەستی حەماس.
دوو هەفتەکە کۆتایی هاتووە و لە ڕووی تەکتیکییەوە، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی پاش بۆردومانێکی چڕی ئاسمانی و دەریایی و بە داگیرکردنی بەشی باکوری غەززە کە نزیکەی 150 کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت، لە مسۆگەرکردنی ئەو سێ ئامانجە شکستی هێناوە. ڕژێمی زایۆنیستی هێشتا نازانێت ژمارەی دیلەکانی لای حەماس چەندە و لە داگیرکردنی نەخۆشخانەی شیفای غەززە بە دوای ئەوەدا دەگەڕا بەڵام هیچ ئاسەوارێکی لەو دیلانە نەدۆزیوەتەوە.
ئەمریکا باش دەزانێت کە ڕژێمی زایۆنیستی توانای چارەسەرکردنی کێشەی غەززە لە ڕووی سەربازییەوە نییە، هەر بۆیە بە بەرپرسانی ئەو ڕژێمەی ڕاگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵکردنی حەماس و گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی غەززە و ئازادکردنی دیلەکان لە ڕێگای دانوستانەوە بەرەو پێش ببات و واز لەو هەنگاوانە بێنێت کە تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕژێمی تەل ئەبیب بە هۆی نەبوونی دەسکەوتێکی گەروەوە متمانەی بە دانوستانەکان نییە و هەر جۆرە دانوستانێک بەر لە ئازادکردنی دیلەکان بە زیانی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی دەزانێت.
لە ڕوانگەی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، ئەگەر شەڕی ئێستا بە مانەوەی دیلەکان لای حەماس ڕابگیرێت، بە واتای تەواوبوونی سەرکەوتنەکەی ئەو بزوتنەوەیە دەبێت. ڕەنگە ئەمەش لە داهاتوودا هاندەری شەڕێکی گەورەتر و هێرشێکی بەربڵاوتر لە غەززە، کەرتی خۆرئاوا و قودس لە دژی زایۆنیستەکان بێت و وەک شەڕە یەکلاکەرەوەکە کۆتایی بە بوونی ڕژێمی زایۆنیستی بێنێت./.