بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکار و شارەزای سیاسی جیهانی عەرەب بە ئاماژە بە پشتیوانی واشنتن لە کوشتار و کۆمەڵکوژی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، ڕایگەیاندووە: تاقمێکی زایۆنیستی بە سەرکردایەتی بنیامین نتانیاهۆ و هەروەها ژمارەیەک لە جولەکە زایۆنیستەکان بە سەرکردایەتی ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کەڵکیان لە بەتەمەنبوون و لاوازیی جۆبایدن و هەروەها پێویستی ناوبراو بە دەنگی جولەکە ئەمریکییەکان وەرگرتووە. ئەوان دەسەڵاتی خۆیان لە پێناو پشتیوانی ئەمریکا لە سیاسەتەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بە تایبەت شەڕی ئێستای غەززە و کوشتار و تاوانەکانی ئەو ڕژێمە لە دژی خەڵکی فەڵەستین بەکار هێناوە، ئەمەش دەتوانێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلام لاواز بکات و هاوپەیمانە کۆنەکانی واشنتن لە ناوچەکە وەک سعوودیە، میسر، عێراق و ئەردەن ڕوبەڕوی کێشە بکاتەوە، هەروەها دەتوانێت بەرژەوەندی و دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهانە، ڕوبەڕوی مەترسی بکاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بە هۆی پشتیوانی لە شەڕی ترسنۆکانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و لەسێدارەدانی زیاتر لە 12 هەزار کەسی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها لە بریندارکردنی زیاتر لە 35 هەزار کەس و ئاوارەکردنی یەک ملیۆن و نیو خەڵکی بێ تاوانی غەززە، هاوبەشی ئەم تاوانە دژە مرۆییەی زایۆنیستەکانە.
عەتوان لە درێژەدا بە ئاماژە بە ڕێگرییەکانی جۆبایدن لە ئاگربەستی غەززە، ڕایگەیاندووە کە 400 ئەندامی حکومەتەکەی بایدن داوایان لە ناوبراو کردووە شەڕی ئێستا ڕابگرێت، ئەمەش لە سیاسەتی ئەمریکا و لە پاش شەڕی ڤێتنامەوە کەم وێنەیە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەنتۆنی بلینکەن بە هۆی پشتیوانی تەواو لە کوشتار و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و دژایەتیکردنی ئاگربەست لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پیلانەکەی نتانیاهۆ بۆ دەرکردنی دانیشتووانی غەززە بەرەو بیابانەکانی سینا، دوایین هەناسەکانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵدەمژێت و یەکەم قوربانی شەڕی ئێستا دەبێت.
عەبدولباری عەتوان لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە بایدن تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت تاوانەکانی کەم بکاتەوە کە شەڕی غەززە ڕابگرێت و مافی گەلی فەڵەستین بۆ هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ بەوان بدات کە بە دڵنیاییەوە ئەمە ناکات./.