بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلیک حوسی سەرۆکی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، ڕۆژی سێ شەممە 14 ی تشرینی دووەمی 2023، ڕەخنەی لە بێ هەڵوێستی و بێ کرداریی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە بەرامبەر پرسی فەڵەستین و غەززە گرت.
ناوبراو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدەوە وتی: ئاشکرایە کە وڵاتانی عەرەبی بە جیدی لە ڕووداوەکانی غەززە ناڕوانن، کۆبوونەوەی ئەم دواییەی وڵاتانی عەرەبی هیچ هەڵوێستێکی لە سەر ڕووداوەکانی فەڵەستین نەبووە.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا ڕەخنەی لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی ئیسلامی و عەرەبی لە ڕیاز گرت و وتی: لە کۆبوونەوەیەکدا کە دەڵێن نوێنەری تەواوی موسڵمانانن، تەنیا بەیاننامەیەک و داواکارییەکی زارەکی هاتووەتە دەرەوە، ئایا ئەمە توانای 57 وڵاتە؟ ئایا ئەم بەیاننامە بەڵگەی توانا و کاریگەری یەک ملیار و نیو موسڵمانە؟
عەبدولمەلیک حوسی وتی: ئەم بەیاننامە لە لایەن قوتابخانەیەکی بنەڕەتی و لە لایەن یەک کەسیشەوە دەردەکرا. هیچ هەنگاوێک لە ڕیاز هەڵنەگیرا، ئەڵبەت هەندێک لە وڵاتان پێشنیاری باشیان هەبوو کە ئەویش هەر سادە بوو.
ناوبراو وتی: کۆبوونەوەی لوتکەی ڕیاز هێندە سادە و بێ کاریگەر بوو کە بووە مایەی گاڵتەجاڕیی ڕژێمی زایۆنیستی و هیچ گرنگییەک بە بڕیارەکانی نەدرا، تەنانەت دەتوانین بەیاننامەکەی ڕیاز بە پشتیوانییەک بۆ ئەو ڕژێمە ناو ببەین.
وتیشی کە هەندێک وڵاتی ئەمریکای باشور پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پچڕاند، لە ڕاستیدا ئەوان بەهێزتر لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەرکەوتن./.