بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژووری بازرگانی ئەردەن ڕایگەیاندووە کە عێراق لە پلەی یەکەمی هاوردەکارانی کاڵای ئەم وڵاتە لە ماوەی 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بووە.
لە ڕاگەێندراوێکی ژووری بازرگانی ئەردەندا هاتووە کە لە 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ، هەناردەی کاڵا بۆ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان بڕی یەک ملیار و 142 ملیۆن دیناری ئەردەن بووە.
ژووری بازرگانی ئەردەن ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕێژەیە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 741 ملیۆن دیناری ئەردەن بووە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا عێراق زیاترین هاوردەی لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوو لە ئەردەن هەبووە و بڕەکەی 482 ملیۆن دیناری ئەردەن بووە و لە پلەی یەکەمدا ناوی هاتووە.
پاش عێراق، ئیمارات بە 161 ملیۆن دیناری ئەردەن لە پلەی دووەم، سعوودیە بە 90 ملیۆن دیناری ئەردەن لە پلەی سێهەم و میسر بە 80 ملیۆن دیناری ئەردەن لە پلەی چوارەمدا بووە./.