بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن عەلی موسەوی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم سەبارەت بە بەردەوامی هێرش و تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە کەرتی غەززە و هەروەها هێرشەکانی خۆڕاگریی عێراق لە دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە و سوریا و ڕۆڵی بزوتنەوەی نۆجەبا، وتی: بزوتنەوەی نۆجەبا وەک لایەنێکی بەرەی خۆڕاگری لە ئێرانەوە تا عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و سەرتاسەری ناوچەکە بوونی هەیە، ئەم بزوتنەوەیە وەک سەرجەم ئازادیخوازەکانی جیهان بڕوای بە هەنگاوی جیدی بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی پیرۆزی شەهیدانی ئەم شەڕەی غەززە هەیە.
ناوبراو وتی: بزوتنەوەی نۆجەبا لە هەمان ڕۆژی سەرەتاوە بە هەموو جۆرێک پشتیوانی کردووە و بەشێکی دانەبڕاوی خۆڕاگرییە. سەبارەت بە بەڕێوەچوونی شەڕی دژ بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیش، لە هەمان ڕۆژەوە کە برایانمان لە کەتیبەکانی قەسام دەسکەوتە گەورەکەی زریانی ئەقسایان مسۆگەر کرد، پێشوازیمان کرد و پشتیوانی و هاوکاری پێویستمان هەبووە و بە گشتی بوون و کاریگەرییەکی بەرچاومان هەبووە.
موسەوی سەبارەت بە شێوازی پشتیوانییەکانی بزوتنەوەی نۆجەبا لە بەرەی خۆڕاگری، وتی: هێزی سەربازی و تواناکانی ئێمە لە بوارەکانی دیکە لە بەرەی خۆڕاگری بە ئامانجی دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە عێراق کە ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە شەڕەکە ڕاناگرین، ئاشتی ناکەین و پەرە بە شەڕیش دەدەین.
ناوبراو وتی: لە هەمان ڕۆژی سەرەتاوە ڕامانگەیاندووە کە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە و بە تایبەت لە عێراق هۆکاری ئەوەیە کە لە ناوچەکە ڕوو دەدات. پاش سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ تەل ئەبیب، کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیر کراون و جموجوڵی بەرچاوی ئەمریکییەکان بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەبینین.
جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا وتی: برایانی ئێمە لە گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق جەخت لە سەر دەستپێکردنی شەڕ و دەرکردنی داگیرکاران دەکەنەوە. بزوتنەوەی خۆڕاگریی نۆجەبا لە لوتکەی ئەم پلانەدایە و لایەنەکانی دیکەش پشتیوانی جۆربەجۆری خۆیان هەیە کە ڕۆژانە دەیکەن.
ناوبراو وتی: لەو بڕوایەداین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە عێراق نوێنەری بەرەی خۆڕاگرین کە تێکەڵاوی ئیردادەی گەلن، ڕێپێوانێکی گەورە بەڕێوەچوو. برایانی ئێمە ئەمڕۆ لە هەولێر و لە سنورەکانی عێراق و ئەردەن بوونیان هەیە. هەروەها لێدوان و پەیامەکانی سەرۆکی ڕەوتی سەدر دەبێت باس بکرێت کە هەمووی پیشاندەری دژایەتیکردنی ئەمریکا و هێزەکانی ئەو وڵاتەیە لە عێراق، هەر بۆیە حکومەتی بەغدا دەبێت ڕێوشوێنی پێویست لەم بوارەدا ئەنجام بدات. ئێمە لە بزوتنەوەی نۆجەبا شانازی بەوە دەکەین کە لایەنێکی کاریگەری شەڕی دژ بە ئەمریکاین و هەڵوێست، چالاکی، پلان و ستراتیژمان بۆ بەردەوامی شەڕەکە تا دەرکردنی تەواوی داگیرکاران لە عێراق ئامادەیە.
حوسێن عەلی موسەوی سەبارەت بەو چەکانەی کە بۆ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەکار دێت، وتی: هێز و توانای گرووپەکانی خۆڕاگری ئیسلامی لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2003 تا ئێستا پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە و دوژمن لەمەش ئاگادارە. لە لایەکی دیکەوە، ئەوەی کە برایانی ئێمە لە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن و هێرشەکانی سەر ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێی دەکەن، پیشاندەری هێزی کاریگەری خۆڕاگرییە و هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە خۆڕاگری چەکی جۆربەجۆری هەیە کە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی دوژمن. هەر بۆیە درێژەپێدانی شەڕ و بەڕێوەبردنی لای هێزەکانی خۆڕاگرییە و دەتوانن دوژمن تێکبشکێنن.
جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا لە کۆتاییدا وتی: خۆڕاگری توانای مووشەکیی گەورەی هەیە کە دەتوانێت دوژمن تووشی سەرسوڕمانی زیاتر بکات. هەروەها ژمارەی چالاکییەکانی خۆڕاگری ڕۆژانە لە زیادبووندایە و هەندێک کات گەیشتووەتە 6 چالاکی لە ڕۆژێکدا، وەک ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر و ئەنبار، هەروەها لە سوریا و ئەو هێرشانەش کە دەکرێتە سەر قووڵایی ڕژێمی زایۆنیستی. دوژمن ئەمڕۆ تووشی قەیران بووە و توانای بەڕێوەبردنی شەڕەکەی بە تایبەت لە ڕووی سیاسییەوە نەماوە. لە ناوخۆی ڕژێمی زایۆنیستیش هەوڵێکی زۆر بۆ ڕووخانی کابینەکەی نتانیاهۆ هەیە و زایۆنیستەکان لە بواری هەواڵگری و سەربازی تووشی شکستێکی گەورە بوون./.