بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی لەسەر زاری ئەلمانیتۆر، عێراق و تورکمەنستان لەسەر هەموو بەندەکانی گرێبەستێکی غازی ڕێککەوتن کە وەکوو هەنگاوێکی دیکەیە بۆ عێراق بە مەبەستی جۆراوجۆر کردنی سەرچاوەکانی هاوردەی غاز.
وەفدێکی عێراقی بە سەرکردایەتی زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبای ئەو وڵاتە، لەگەڵ چەن نوێنەری کۆمپانی تورکمەن غاز(کۆمپانی غازی نەتەوەیی تورکمەنستان) لە شاری عیشق ئاباد دیدار و گفتۆگۆیان کردووە.
هەر دوولایەن لەو دیدارەدا گرێبەستێکیان واژۆ کردووە کە بەپێی ئەوە تورکەمەنستان لە هەر ساڵدا 9 ملیارد مەتری چوار پاڵوو غاز هەناردەی وڵاتی عێراق دەکات.
وەزیری دەرەوەی تورکمەنستان لە درێژەی بەیاننامەکەیدا ئاماژە دەکات ئەو غازە بە ماوەی 5 ساڵ و لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ عێراق دەگوازرێتەوە.
عێراق و تورکمەنستان دەمێکە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەو گرێبەستە هەوڵ ئەدەن و لە مانگی (ئاب)دا پاش دیداری شاندێک لە کۆمپانی تورکمەن غازەوە لە بەغدا، گەیشتنە ڕێکەوتێکی سەرەتایی و گرێبەستێک واژۆ کرا.
عێراق خاوەنی دوازدەیەمین خەزنی غازی سروشتی جیهانە بەڵام ژێرخانی پێویستی نییە بۆ گواستنەوەی ئەو غازە لە سەرچاوەی وەبەرهێنانییەوە.