بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە میدیاییەکان بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی ویلیام بێرنز سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی) لە گەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر لە قاهیرە، ڕایانگەیاندووە کە سیسی پێشنیارێکی ئەمریکای بۆ ئیدارەدانی کەرتی غەززە لە ڕووی ئەمنییەوە ڕەتکردووەتەوە.
ئەمریکا داوایکردووە تا ئەو کاتەی کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە پاش شەڕی غەززە کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچەیە بە دەستەوە دەگرێت میسر کاروباری ئەمنی لە ئەستۆ بگرێت.
ڕۆژنامەی ئەمریکی ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە سەر زاری بەرپرسانی باڵای میسری کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە سیسی سەرۆک کۆمار و عەباس کامل سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسر کە لە گەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی کۆبوونەتەوە، ڕایانگەیاندووە حکومەتی قاهیرە هیچ ڕۆڵێکی بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماس نابێت، لە بەر ئەوەی کە میسر بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی لە گەڵ غەززە پێویستی بەم بزوتنەوەیە هەیە./.